چالاکانی مەدەنیی و سیاسیی خووزستان دەڵێن: شێخەکانی پارێزگای خووزستان چاوپێکەوتن لەگەڵ خامنەیی و ڕووحانی ڕەتدەکەنەوە.
سپای فەجری پارێزگای خووزستان بۆ چارەسەر کردن وکۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لەو پارێزگایە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەندامەکانی سپا و بەناو سەرۆک عەشیرەتەکان و شێخەکانی عەرەب و ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران پێکهێناوە.
هەرلەم پێوەندییەدا چالاکانی سیاسیی پارێزگای خووزستان، سەرەڕای ئەوەیکە دەڵێن: ئەوانە شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکانی پارێزگای خووزستان نین و لەلایەن سپای پاسداران وناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئیرانەوە دیاری کراون بۆ بەلاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی، ڕایانگەیاند کە شێخە عەرەبەکان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ خامنەیی و حەسەن ڕووحانی ڕەتکردوەتەوە.
لەم چاوپێکەتنە چەواشەکارانەی رێژیمدا کە هاوکاتە لەگەڵ ١٠یەمین ڕۆژی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خووزستان، سپای فەجری خووزستان بە سازکردنی شانۆیەک و بانگهێشتی نوێنەرانی مەجلیسی خیبرەگان و ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران و بانگهێشتی مۆرەکانی سپای پاسداران لە خووزستان بەناو شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکانی عەرەب، دەیهەوێت بیروڕای گشتیی بەلاڕێدا ببا وا پیشان بدا کە بەرپرسانی حکوومەتی دەیانهەوێت چارەسەری کێشەکانی پارێزگای خووزستان بکەن، بەڵام چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی ئەو پارێزگایە ئەم پیلانەی ڕێژیمیان لە قاو داوە و ڕایانگەیاندووە کە شێخەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان نایانهەوێت لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم بە تایبەتیی خامنەیی وڕووحانی چاوپێکەوتن بکەن.