كارناسێكی بەئەزموونی بواری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ڕێکارە بە دەوڵەتی ئەمریکا دەدات کە بۆ ڕێگریی لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکیی، بۆمبی سەنگەرشكێن ڕادەستی ئیسرائیل بكات.
دێنیس ڕاس كە لە دەوڵەتەكانی ڕێیگان،بووشی باوک ،كلینتۆن و ئۆباما ئەركی ڕاوێژكاری باڵای كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەئەستۆ بووە، لە بابەتێكدا كە لە هەواڵدەریی بلومبێرگ بڵاوبووەتەوە، باس لەوە دەكات كە دەوڵەتی بایدێن ڕێکارێکی باشتری پێویستە بۆ پێشگرتن لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ناوكیی؛ چونكە تەنانەت سەركەوتن لە دانوستانە نوێیەكان، ناتوانێ بەرگری لە بەدواداچوونەكانی ئێران بۆ دەسپێڕاگەیشتنی بە چەكی ناوكیی بكات.
ڕاس كە ئێستاکە ڕاوێژكاری ناوەندی تۆژینەوەی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە واشینگتۆن، لەم بابەتەدا دەنووسێ، هەر ئەوەی كە دەوڵەتی بایدێن خوازیاری بەرجامێكی درێژخایەنتر و بەهێزترە پیشاندەری ئەوەیە كە ڕێكەوتنی یەكەم بە تەواو نازانێت، بەڵام كێشە لەوە دایە كە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆككۆماری داسەپاوی ڕێژیمی ئێران ڕوونی كردووەتەوە كە حەز بە ڕێكەوتنێکی هەمەلایەنە ناكات.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: كاتێک ئەمریکا نەتوانێ پاشەکشە بە ئێران لە بەدەستهێنانی چەكی ناوكیی بکات، دەبێت گورزێكی كاریگەرتر هەڵبژێرین و بۆ پێشگرتن لە بە ئەتۆمی بوونی ئێران، دەوڵەتی بایدێن دەبێت ١٠ تا ٢٠ ساڵ ماوەی ڕێككەوتنی بەرجام درێژ بكاتەوە و ئەگەر دەوڵەتی ڕەئیسی پشت لە دانوستانە ناوكییەكان بكات، دەوڵەتی بایدێن هەر بەو شێوەی كە بەشێک لە نوێنەرانی كۆنگرێس ئاماژەیان پێكردووە، دەبێت مووشەكی ١٤ هەزار كیلۆی لە جۆری (جی بی یو٥٧) كە سەنگەرشكێنە، ڕادەستی ئیسرائیل بكات.
ڕاس لە کۆتاییدادەڵێ: ئامادەبوونی بایدێن بۆ ڕادەستکردنی ئەو جۆرە مووشەكە بە ئیسرائیل، پەیامێکی ڕوون و ئاشكرایە بۆ بەرپرسانی ئێران كە ئەمریكا لەسەر پێشگرتن لە ئێران بۆ وەدەستهێنانی چەكی ناوکیی سوورە و لە وەها حاڵەتێکدا ئێرانیش بۆ بەرگری لە لەناوچوونی ژێرخانی ناوكیی خۆی، ڕێگاچارەیەک بێجگە لە ڕازیبوون بە دانیشتن و دانوستانی نییە.