سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریە دەڵێ: کۆبوونەوەی مەکرۆن لەگەڵ شاندی بەڕێوەبەریی خۆسەر داننیانە بە بوونی ئەم ئیدارەیە.
«فەرهاد تەلۆ» سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریە لە پێوەندی لە گەڵ سەردانی ئەم دواییەی شاندی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بۆ فەرانسە و کۆ بوونەوە لەگەڵ ئیمانۆئێل مەکرۆن، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە وتی: ماوەیێک پێش ڕەجەب تەیێب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مەکرۆن داوای لێکردبوو تا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کۆ ببێتەوە بەڵام مەکرۆن لەو بارەوە بەڵێنێکی بە ئەردۆغان نەدا، بەپێچەوانەوە فەرانسە داوای کرد شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەردانی پاریس بکەن و هەروەها ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیشی بانگهێشتی پاریس کرد.
ناوبراو درێژەی دا دەڵێ: ئەمەش دەریدەخات کە پرسی یەکگرتنی نێوان ڕەوتە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەلای فەرانسەوە گرینگە و هاوشێوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان خوازیاری چارەسەر کردنی ئەم بابەتەیە.
ناوبراو جەختی کردەوە: شاندی فەرانسی ماوەی چەند ساڵە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی دژە داعشدا سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن و لە نزیکەوە لەگەڵ پرسی کوردەکاندا ئاشنان و ئێمە هیوادارین هەم فەرانسە و هەم بریتانیا کە بەرپرسن لە سایس-پیکۆ و کاولکاریی ناوچەکە لەم بارودۆخەدا ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. هەرچەند کە بەریتانیا دەورێکی تێکدەرانە لە پرسی کورددا دەگێڕێت و پشتگیریی لە ئەردۆغان دەکات.
سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریە ڕاشیگەیاند: ئێمە هیوادارین جگە لە بواری سیاسییەوە هاوپایمانان و فەرانسە و وڵاتانی زلهێز لە بواری ئابووریشەوە پشتگیری لە ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریە بکەن چوونکە ئەمڕۆژانە سووریە دۆخێکی خرابی ئابووریی تێدەپەڕێنێت.