ناوەندی سینفیی مامۆستایانی گیلان لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی لە خۆپیشادانەکانی پارێزگای خووزستان دەکا.
ناوەندی سینفیی مامۆستایانی گیلان، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەژێر ناوی”خووزستان پارێزگایەک نییە بەڵکوو هەموو ئێرانە” سەرەڕای پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای خووزستان لەهەمبەر کەمیی ئاوی خواردنەوە، سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی ئەو پارێزگایەیان بە توندی مەحکووم کرد.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووەکە بەرپرسانی ناکارامەی کۆماری ئیسلامی، خووزستانیان کە یەکێک لە پڕ ئاوترین پارێزگاکانی ئێران و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بێ ئاو و ویشک کردووە و خەسارێکی گەورەیان گەیاندوەتە خەڵکی ئەو پارێزگایە و بە جێگەی ئەوی کە داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن و کێشەی کەم ئاوییەکەیان چارەسەربکەن بە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازی دەیانهەوێت پاساوێک بۆ کردەوە نامرۆڤانەکانیان بێننەوە.
لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەمە دەنگی خەڵکی ناڕازی و وەزاڵە هاتووی ئێرانە و دەبێ بەرپرسانی ئێران لە هەستانەوەی خەڵکی ناڕازی بترسن و بۆ چارەسەری کێشەکان بە گولـلە وڵامی خەڵک نەدەنەوە.
جێگای ئاماژەیە کەپێشتریش، هونەرمەندان، پارێزەران، چالاکانی مەدەنیی و سیاسیی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بە دەرکردنی بەیاننامە، سەرەڕای پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان، سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ئەو پارێزگایەیان لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کردبوو.