ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانی پارێزگای خووزستان بەردەوامە و ناڕەزایەتییەکان ڕۆژ بەڕۆژ بەربڵاوتر دەبێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنەوە، خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەرانی پارێزگای خووزستان شەوی یەکشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە یازدەهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانیان بەدژی بێ ئاوی و گەندەڵیی بەرپرسانی رێژیم ڕژانەوە سەر شەقامەکان و لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای خووزستان دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی دەگوترایەوە و شارەکانی، تەورێز، کەرەج، مەشهەد، بجنوورد، گەناوە و ئەلیگوودەرز بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازیی خووزستان پەیوەستبوون بە خۆپیشاندانە نارەزایەتییەکانەوە.
خەڵکی شاری تەورێز، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام لەهەمبەر پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خووزستان، ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمی تەورێز پشتیوانی خووزستانە و عەرەب، تورک، فارس، یەکیەتیی، یەکیەتیی و دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی پشتیوانی خویان بۆ خەڵکی پارێزگای خووزستان دووپات کردەوە.
لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی رێژیمی ئێران لە ترسی سەرهەڵدان وپشتیوانیکردنی خەڵکی کوردستان لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان زۆربەی شارەکانی کوردستانیان میلیتاریزە کردووە.
هاوکات ڕۆژی یەکشەممە هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی ئێران لە شارەکانی پارێزگای خووزستان خەڵکێکی زۆریان دەسبەسەر کردووە و هەرەها لە تەورێز هێزەکانی رێژیم بە گازی فرمیسکڕێژ ڕووبەڕووی خەڵک بوونەتەوە و زیاتر لە ١٠ کەسیان دەسبەسەر کردووە.
هەرلەم پێوەندییەدا بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی خۆپیشاندەر وناڕزایی خووزستان، چالاکانی مەدەنیی، سیاسیی، نێوخۆ و دەرەوەی ئێران، ڕێکخراوە سینفییەکان و هونەرمەندانی سینەما، بەدەرکردنی بەیاننامەگەلی جیاجیا پشتیوانی خۆیانیان بۆ خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان دەربڕی.