ھاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانی خەڵکی خووزستان بەگشتی و گەلی عەرەب بەتایبەتی لە شارەکانی پارێزگای خووزستان و سەرانسەری ئێران، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا شان بە شانی عەربەکانی تاراوگە، وەکو نیشانەی هاوخەباتی و پاڵپشتی لە گەلی زۆڵملێکراوی عەرب لە ئێران، لە شاری لەندەن و لە بەردەم دەفتەری سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، بۆریس جانسۆن، بەشدارییەکی بەرفراوانیان کرد.
خۆپیشاندان بە درووشمی جۆراوجۆر بۆ پاڵپشتی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی خووزستان دەستیپێکرد و دواتر پەیامی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن بەرێز «کەیوان ڕەسووڵی» ئەندامی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکرات بۆ ئامادەبووان خۆێندراوە.
لەو پەیامەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکومکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلھێزی جیهان بەتایبەتی وڵاتی بریتانیا دەکات کە بە ھانای گەلانی زۆڵملێکراو و وەزاڵەھاتوی ئێرانەوە بچن.
شایانی باسە کە خۆپیشاندان، کاتژمێر ١۲ی نیوەڕۆ دەستیپێکرد و کاتژمێر ٣ی دوانیوەرۆ کۆتایی پێھات.v