سپای پاسداران بە ئامانجی پەرەپێدان بە دەسەڵاتی میلیشیا چەكدارەكانی خۆی لە سووریە لە نزیك شاری ڕەقە زیندانێكی نوێی كردووەتەوە كە بۆ دەستەبەركردنی ئامانجە شەڕخوازانەكانی لە ناوچەكەش كەڵكی لێ وەردەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلمانیتۆر، سپای پاسداران بەهۆی بەردەوامیی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر مۆڵگەکانی لە سووریە، ناچار بووە شوێنی هێزەكانی بگوازێتەوە و دەست بكات بە سازكردنی مۆڵگە و شوێنی نوێ لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریە و زیندانێکی نوێ لە شاری ڕەقە دروست بکا.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە كراوە كە ئەم زیندانه لە ڕەقە، لەلایەن بەرپرسێكی ئێرانییەوە بەڕێوە دەبرێت و ٢٠ ئەشكەنجەگەر لە نەتەوە جۆراوجۆرەكان، تێیدا كار دەكەن و میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ بەڕێوەبردنی ئامانجە سیخوڕیی و سەربازییەکانی خۆیان کەڵک لەو زیندانە وەردەگرن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە سووریە بەدوای ئەوەدان كە شوێنپێی ئەمنیی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات قایمتر بكەن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەم ئامانجە بە بوونی بەرفراوانتری هێزی سەربازیی دەستەبەر دەکرێ؛ هەر بەم بۆنەوە سپای پاسداران بە ئامانجی سیخوڕی و وەرگرتنی زانیاری لەسەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەوڵ دەدات خەڵكی ئاسایی ناچار بە سیخوڕی بكات و هەوڵ دەدا دەست بە سەر ئەو شوێنانەدا بگرێ كە سەرچاوەی نەوت و گازن.
ئەلمانیتۆر هەروەها نووسیویەتی کە بێجگە لە زیندانی نهێنی ڕەقە، سپای پاسداران لە شارەكانی ئەلمەیادین، دێرەزور، فڕۆكەخانەی حەمدان و شاری ئەبوكەماڵ و هەروەها لە پاڵمیرا چەند بەندیخانەی دیكەی هەیە كە تەنانەت هێزەكانی سپای پاسدارانیش بۆ سزا هێندێک جار لەو شوێنانەدا زیندانی دەكرێن.
جێی ئاماژەیە کە سپای پاسداران بە ئامانجی شاراوەبوونی ئەو زیندانانە و بەرگری لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر ئەم بەندیخانە نهێنییانە، ئاڵای سووریەی لەسەر ئەو شوێنانە هەڵداوە.