لە ئاکامی تێکهەڵچوونێکی چەکدارانەدا لەلایەن گرووپێکی چەکداری نەناسراوەو و هێزەکانی رێژیم لە بەلووچستان، ٨ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرش دەکەنە سەر ماشینێکی سەربازیی سپای پاسدارانی بنکەی بەسیجی نورئابادی کارواندەر لە شاری خاش و لە ئاکامدا ٤ کەس لە هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم دەکوژن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە چەند کەسێکی چەکداری نەناسراو لە ماشینێکدا تەقە لە ماشینی سەربازیی سپای پاسداران لە شاری خاش دەکەن و لە ئاکامدا ٤ کەس لە هێزەکانی سپا دەکوژن کە ناسنامەی سێ کەسیان بەناوەکانی” محەممەد عومەر زێهی، نادر ڕیگی و حەمید سوهراب زێهی” ئاشکرا کراوە و ناوی کەسی چوارەم تائێستا ئاشکرا نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە سپای پاسدارانی ڕێژیم، شەوی هەینی، هەواڵی کوژرانی ٤ کەس لە هێزە چەکدارەکانی لە ناوچەی “گۆنیک “ی سیستان وبەلووچستان بە دەستی چەند چەکدارێکی نەناسراو پشتڕاست کردەوە.
هەروەها شەوی هەینی، چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقە لە ماشینێکی سەربازیی لە سنووری جکیگۆر دەکەن و لە ئاکامدا چەکدارێکی هێزەکانی ڕێژیم بریندار دەبێ.