سەید ئەحمەد قورەیشی، یەکیک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران وعیماد ئەمین، یەکێک لە فەرماندە دیارە سەربازییەکانی حیزبوڵای لوبنان لە سووریە کوژران.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سەید ئەحمەد قورەیشی، فەرماندەی دیاری سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژراوە و لە لایەکی دیکەوە هەواڵدەرییەکانی لوبنان ڕۆژی شەممە، هەواڵی کوژرانی عیماد ئەمین، یەکێک لە فەرماندە سەربازیی و دیارەکانی حیزبوڵای لوبنانی لە سووریە پشتڕاست کردەوە.
چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە وبارەگا و کۆگای چەک وتەقەمەنی هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان لە سووریە، عیماد ئەمین و سەید ئەحمەد قورەیشی کوژراون.
ئەحمەد قورەیشی یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانە کە فەرماندەی “لەشکری فاتمیوون”ە و لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینییەوە لە سووریەیە.
جێگای ئاماژەیە کە لەشکری فاتمیوون پێکهاتووە لە پەنابەرە ئەفغانییەکان، کە لەلایەن سپای قودسی ڕێژیمی ئێرانەوە بە مەبەستی کاری تێکدەرانە و تێرۆریستی لە سووریە دامەزراوە.