لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر ماشینێکی سەربازیی تورکیە لە رۆژهەڵاتی حەڵەب ١١ کەس لە هێزە چەکدارەکانی تورکیە کوژران وبرینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، شەوی شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزێکی کوردیی لە سووریە هێرشێکی چەکداریی کردوەتە سەر ماشێنیکی سەربازیی تورکیە لە نزیک گوندی حەزوان هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی حەڵەب و لە ئاکامدا سێ کەس لە هێزەکانی تورکیە کوژران و ٨ کەسی دیکەش بە توندی برینداربوون.
هەرلەم پێوەندییەدا چالاکانی خۆجێیی دەڵێن پاش ئەو هێرشە هێزەکانی تورکیە لە سووریە بە تەواوەتیی کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
لەلایەکی دیکەوە ڕامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندووە کە هێزە کوردییەکان بە مووشەک هێرشیان کردوەتە سەر ئەو ماشینە سەربازییەی تورکیە و بەهۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی بریندارەکانی ئەو هێرشە ئەگەری ئەو هەیە کە ئاماری کوژراوانی هێزەکانی تورکیە زیاتر بکا.