سکرتێری گشتی شۆرای هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی، سەرەڕای ڕەخنە لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا داوای کردووە کە وتووێژەکانی ڤییەن جیاواز لە بەرنامەی ناوکیی دەبێ دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانیش لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.
نایێف ئەلحەجرەف، سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاری وڵاتانی عەرەبی، ڕۆژی شەممە٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی وڵاتانی عەرەبیی، بە ئاماژە بەوەیکە نابێ وتووێژەکانی ڤییەن تەنیا تایبەت بێ بە ڕێککەوتنی ناوکیی وتی: ڕێژیمی ئێران دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە دەکا و لە ڕێگەی میلیشیاکانیەوە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری ناوچەکەیە و دەبێ ڕووبەڕووی ببینەوە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە شۆرای هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی بە تەواوەتی پشتیوانیی لە سەروەری وڵاتانی دیکە دەکا و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران مەحکووم و نیگەرانە لەوەیکە ڕێژیمی ئێران بێجگە لە بەرنامەی ناوکیی و مووشەکیی لە ڕێگەی میلیشیا تێرۆریستەکانیەوە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەی خستوەتە مەترسییەوە.
نایێف ئەلحەجرەف، بەجەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە پاراستنی ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرینگە وتی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر لەباری ئەمنییەتییەوە پارێزراو بێ ئەوە ئاسایش و ئەمنییەتی جیهانیش دەستەبەر و پارێزراو دەبێ و لە ئێستادا ئاڵۆزییەکانی عێراق، سووریە و لوبنان بەهۆی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ناوچەکە و جیهانی بە گشتیی رووبەڕووی مەترسی کردۆتەوە.