ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانی پارێزگای خووزستان، کرماشان، لوڕستان شارەکانی تەورێز، کەرەج، مەشهەد، گەناوە، بێجنوورد و سەقزیشی گرتەوە و ناڕەزایەتییەکان ڕۆژ بەڕۆژ بەربڵاوتر دەبێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنەوە، خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەرانی پارێزگای خووزستان شەوی شەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ١٠یەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانیان بەدژی بێ ئاوی و گەندەڵیی بەرپرسانی رێژیم، ڕژانەوە سەر شەقامەکان و لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای خووزستان دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی دەگوترایەوە و شارەکانی، تەورێز، کەرەج، مەشهەد، بجنوورد،کرماشان گەناوە،ئەلیگوودەرز و سەقز بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازیی خووزستان پەیوەستبوون بە خۆپیشاندانە نارەزایەتییەکانەوە.
خەڵکی شاری تەورێز، ئێوارەی ڕۆژی شەممە بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خووزستان، ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دروشمی تەورێز پشتیوانی خووزستانە و عەرەب، تورک، فارس، یەکیەتیی، یەکیەتیی و دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی پشتیوانی خویان بۆ خەڵکی پارێزگای خووزستان دووپات کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئێوارەی ڕۆژی شەممە خەڵکی شاری سەقز بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکانی خووزستان ڕژانە سەر شەقامەکان و شاری سەقز بە تەواوەتی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە میلیتاریزە کراوە.
خۆپیشاندەرانی پارێزگای خووزستان و شارەکانی دیکە بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی، برووخێ کۆماری ئیسلامیی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن.
شایانی باسە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە پارێزگای خووزستان و شارەکانی دیکە بە چەک و گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕووی خەڵکی ناڕازیی بوونەتەوە و هەر بەم هۆیەوە تائێستا زیاتر لە ١٠کەس کوژراون و بە دەیان کەسیش بریندار بوون و بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە تۆڕوکۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بوەتەوە تا ئێستا زیاتر لە ١١٠کەس لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.