ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، وێڕای پشتیوانیی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی پارێزگای خووزستان، داوایان لە دەسەڵاتیش کرد کە وڵامدەریی ویست و خواستەکانی خەڵکی ئەو پارێزگایە بێت.
لە بەشێک لەو بەیاننامەیە هاتووە کە: “ڕووداوەکانی خووزستان، ویژدانی هەموو مرۆڤێکی ئاگا دەهەژێنێ و پرسیار ئەوەیە کە بۆ دەبێ خووزستان بگاتە ئەو ڕۆژەی کە خەڵکەکەی بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین مافیان کە “ئاو”ە، ناچار بە دانی وەها تێچوویەک بن؟”
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە، بەڕێوەبەریی ناکارامە، لەبەرچاو نەگرتنی ڕوانگەی کارناسان و تێکدانی بەردەوامی ژینگە لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو بارودۆخەی ئێستای خووزستانن، کە پێویستە بە وردی تاوتوێ بکرێن.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا، هاتووە کە: “ئێمە وەک کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ڕۆژنامەوانیی کورد وێڕای هاودڵی لەگەڵ خەڵکی چەوساوەی خووزستان، خۆمان بە هاودڵ و هاودەنگی ئەوان دەزانین و وێڕای هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان، خوازیاری ئازادکردنی گیراوان و وڵامدانەوەی دەسەڵاتین.”