نوسرەت کەریمی، خێزانی مامۆستا مەلا ئەبووبەکر، بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی پووشپەڕ خوشکە نوسرەت کەریمی، خێزانی مامۆستا مەلا ئەبووبەکر فەلسەفی، تێکۆشەری ناسراوی گەلەکەمان و ئەندامی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا، بەهۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مامۆستا مەلا ئەبووبەکر فەلسەفی کە لە سەرەتای دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە دەستی بە چالاکیی سیاسی کردووە و سەرەڕای تووشبوون لەگەڵ گەلێک کەند و کۆسپ لەسەر رێگای ژیانی کۆڵنەدەرانە دڕیژەی بە خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەی خۆیدا و وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات سەری بۆ زۆرداریی ڕێژیمەکانی شا و کۆماری ئیسلامی دانەنواند و هەر لە بەر ئەو هۆکارانەش ساڵانێکی زۆری لە بەندیخانەکانی ئەو دوو رێژیمەدا تێپەڕ کردوە و لە هەموو ئەو سەردەمانەدا نوسرەت خانمی هاوسەری لەلایەک وەک ژنێکی ئازا و وەفادار هەم سەرپەرەستی ماڵ ومنداڵەکانی دەکرد و هەم پشتیوانێکی دڵسۆزی مامۆستا بوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکە حیزبییەکانی.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی خوشکە نوسرەت کەریمی، سەرخۆشی لە مامۆستا مەلا ئەبووبەکر فەلسەفی و بنەماڵەی گەورەی فەلسەفی و ڕەحیمی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.