لە کاتێکدا حەسەن ڕووحانی کەمتر لە دوو حەوتووی وەکوو سەرۆککۆماری ئێران ماوە وتی: گەڵاڵە پەسەند کراوەکەی مەجلیس پێشی لە لابردنی گەمارۆکان و بە ئاکام گەیشتنی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن گرت.
حەسەن ڕووحانی سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە دانیشتنی کابینەکەیدا هۆکاری شکستی وتووێژەکانی ڤییەن و لانەچوونی گەمارۆکانی بۆ گەڵاڵە پەسند کراوەکەی مەجلیس گەڕاندەوە و وتی: ئەگەر ئەو یاسایەی مەجلیس بەربەستی لەسەر ڕێگای ئێمە ساز نەکردبایە ئەو ئێمە پێش لە مانگی خاکەلێوە دەگەیشتین بە ڕێککەوتن.
بەپێی بڕیارنامەی مەجلسی ئێران کە مانگی سەرماوەزی ٩٩ی هەتاوی پەسەند کرابوو، دەبوایە ئەمریکا هەموو گەمارۆکانی سەر ئێرانی بە گشتیی لاببردایە.
هەرلەم پێوەنییەدا پێشتر عەلی ڕەبێعی وتەبێژی دەوڵەت لەهەمبەر واژۆ نەکردنی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی “بەرجام” وتبووی کە شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ڕێککەوتنە سەرەتاییەکانی لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان ڕەتکردوەتەوە.
حەسەن ڕووحانی بە ئاماژە بە یاسای بنەڕەتی ئێران، مەجلیسی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە کاری دەوڵەت و ئەرکەکانی سەرۆککۆماردا دەستێوەردانیان کردووە و ئیزنیان نەداوە دەوڵەت ئەرکەکانی خوی جێبەجێ بکا.