تاڵاوی نێودەوڵەتیی کانی بەرازان لە ناوچەی شامات سەر بە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئاگری تێبەردرا و بەشێکی بەرچاو لە ژینگەی ناوچەکەش بەو هۆیەوە لەناو چوو.
بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕؤژی هەینی ١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، تاڵاوی نێودەوڵەتیی کانی بەرازان، هەڵکەوتوو لە ناوچەی شاماتی سەر بە شاری مەهاباد لە پارێزگای ورمێ، بە دەستی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاگری تێبەردرا.
تاڵاوی نێودەوڵەتیی کانی بەرازان، یەکێک لە گەورەترین تاڵاوەکانی باشووری دەریاچەی “ورمێ”یە و وەک بەنرخترین ژینگەی جۆرەکانی پەلەوەر لە باکووری رۆژئاوای ئێران ئەژمار دەکرێ و یەکێک لەو ناوچە گەشتیارییانەیە کە ساڵانە خەڵکانێکی زۆر لە کوردستان و ناوچەکانی تری ئێرانەوە ڕووی تێدەکەن.
شایانی باسە کە تاڵاوی نێودەوڵەتیی “بەرازان”، بە پانتایی زیاتر لە ٩٢٧ هیکتار لە ٣٠ کیلومەتریی باکووری مهاباد هەڵکەوتووە و کەوتووەتە قەراغ باشووری پارکی میللی گۆلی “ورمێ” و لە نێوان گوندەکانی “خوڕخوڕە” و “قەرەداخ” هەڵکەوتووە و بەهۆی ئاوی هەمیشەییەوە، بووەتە جێگای ژیانی هەموو جۆرەکانی پەلەوەری کۆچەر و نێوخۆیی.