ڕۆژنامەی لیبێڕاسیۆن، چاپی پاریس لە زاری “جاناتان پیرۆن”، كارناسی بارودۆخی ئێران لە ناوەندێکی توێژینەوەی بێلژیكیی بە ناوی ئێتۆپیا، نووسیویەتی کە هۆكاری بێئاویی ئێستای خوزستان، وشكەساڵی نییە و کارەساتێکی گەورەتر بەڕێوەیە.
لیبێڕاسیۆن، لە زاری “جاناتان پیرۆن”، نووسیویەتی کە هۆكاری سەرەكیی بێئاویی لە خووزستان، كاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانن كە لەسەر ئەو باوەڕەن گەشەی ئابووری بە لەناوبردنی سەرچاوە سروشتییەكان بەدەستدێ و نیشانەكانی كارەساتێكی گەورە بەهۆی کەڵەکەبوونی قەیرانە سروشتییەکان لە بواری ژینگەیی بەدی دەکرێ و قەیرانەکان ئامادەی تەقینەوەن.
بەپێی وتەكانی جاناتان پیرۆن، نائارامییەکانی ئەم جارەی ئێران بەهۆی كێشەی بێئاوییەوە نییە و بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی ئێران هۆكاری سەرەكیی بارودۆخی ئێستاکەن، چونكوو ئەوان شوێنكەوتەی بیرۆكەیەكی دواكەوتوون كە وا دەزانێت لە ڕێگای تاڵانی كانزا و سەرچاوە سروشتییەكانەوە، دەتواندرێ گەشی ئابووری بەدەست بێنێت.
لە ڕوانگەی ڕۆژنامەی لیبێڕاسیۆنەوە، ئەم باوەڕ و هەڵسووكەوتە لەنێو بەرپرسانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی، لە ڕق و كینە بەرانبەر بە سروشت و ژینگەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئاشكراترین نموونە گواستنەوەی ئاوی ناوچەیەك لە ئێران بۆ ناوچەیەكی دیكەیە بەبێ بیركردنەوە لە دەرئەنجامە خراپەكانی، بۆ وێنە گەڵاڵەی “بەهەشت ئاباد” كە لە ساڵی ٢٠١١ پەسەند كرا كە ئامانجی ناردنی ئاوی خووزستان بۆ ناوچەكانی ناوەندیی ئێران بوو كە لە زۆربەی مانگەکانی ساڵدا تووشی وشكەساڵین، لەوانە پارێزگاكانی ئیسفەهان، یەزد و كرمان كە یەكێک لە ئامانجەكانی ئامادەکردنی ئاوی پێویست بۆ كارخانەی تاواندنەوەی ئاسنی ئیسفەهان بوو كە ئاوێكی لە ڕادەبەدەری پێویستە.
بێجگە لەوە بەپێی نووسراوەی لیبێڕاسیۆن، تایبەتمەندیی چەوسێنەریی زۆربەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران کە سەر بە نەتەوەی فارسن و دڵبەستراوەییان بە ناوچە ناوەندییەکانی ئێران،بووە بە بەربەستێك تاكوو بەرپرسانی بر ڕەچەڵەک فارس بیر لە ئاكامە خراپەكانی ئەو سیاسەت و هەڵسووكەوتانە لەمەڕ دابەشكردنی ئاوی خووزستان بەسەر ناوچە فارسنشینەكانی ئێراندا نەكەنەوە.