سپای پاسدارانی ڕێژیم لە چەندین گوند وئاوایی ناوچەی سەقز گوشاری خستۆتە سەر خەڵک بۆ ئەوەیکە تابلۆی بەسیج لەسەر مزگەوتەکانیان هەڵواسن.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چەکدارانی سپای پاسداران لە ناوچەی سەقز هاوکات لە گەڵ ئەوەیکە بڕێک پارەیان بۆ مزگەوتەکان دابین کردووە، داوایان لە خەڵک و بەتایبەت شۆرا و مامۆستایانی ئایینی گوندەکان کردووە کە دەبێ تابلۆی بەسیج لەسەر دەرگای مزگەوتەکان هەڵواسن و کاروباری ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە لە نێو مزگەوتەکاندا جێبەجێ بکرێ،بەڵام تا ئێستا خەڵکی ئەو گوندانە ناڕەزایەتیی خۆیانیان دەربڕیوە و نەیانهێشتووە کە ئەو پیلانەی ڕێژیم جێبەجێ بکرێ.
شایانی باسە کە ئەو پیلانە بەهاوکاریی و هاندانی چەند بەکرێگیراوێکی خەڵکی ئەو گوندانە خراوەتە بەرباس کە ناوەکانیان بۆ کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات ڕەوانە کراوە و ئاشکرایە.
جێگای ئاماژەیە کە بەشێک لەو گوندانەی کە ئەو هەواڵەیان بۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات پشتڕاست کردۆتەوە بریتین لە گەورەدێی میرەدێ، گوندەکانی تەمووغە،پیرئۆمەران، قشڵاخ،کۆنەڵان و چەندین گوندی دیکەی ئەو ناوچەیە.