وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا دەیهەوی ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا ببێتەوە.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە وتی: ئێران سەرەڕای پشتیوانیکردن لە گرووپە میلیشیا تێرۆریستەکانی لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی ئەو گرووپانەوە هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئێمە ئەوە بە چاوی خومان دەبینین.
ئەم بەرپرسەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابێ لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە کاتێک ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانیەوە هێرش دەکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا، بەرگریی لە سەربازەکانمان مافی سرووشتی ئێمەیە و ئەمریکاش ڕووبەڕووی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا دەبێتەوە.