ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە کۆتایی بە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان بێنن.
ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا بە پشتبەستن بە ئەو ڤیدیۆگەلەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوەتەوە و ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە نێو شارەکانی پارێزگای خووزستان بەدەستی ئەو ڕێکخراوەیە گەیشتوون ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لەو پارێزگایە بە گوللـە هێرش دەکەنە سەر خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان کە داوای سەرەتایی ترین ماف و ویستی خویان کە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە دەکەن و لەلایەن حکوومەتەوە بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێن.
لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە هێزەکانی ڕێژیم تائێستا لانیکەم ٨ کەس لە خەڵکی ناڕازیی ئەو پارێزگایەیان بە گوللـە کوشتووە و بە دەیان کەسیشیان بریندار و دەسبەسەر کردووە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا هاتووە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، پیشینەیەکی ترسناک و تۆقێنەریان لە بەکارهێنانی نایاسایی چەک بەدژی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی هەیە و ئەم کارەسات و سەرکوتی خەڵکی پارێزگای خووزستانە، کارەساتی مرۆیی خۆپیشاندانە گشتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویمان بۆ زیندوو دەکاتەوە کە لەو خۆپیشاندانانەدا زیاتر لە ١٥٠٠کەس لە خەڵکی ناڕازیی ئێران بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەی لە کۆتاییدا داوا لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەکا کە بە چەک و تەقەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان نەبنەوە و کۆتایی بە کوشتنی خەڵکی ناڕازی بێنن.