شەوی ٢٢لەسەر ٢٣ی پوشپەری ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد و هێزی پێشەوا لە ئاوایی بەیرەم بە شادیوکەیف خۆشی هاتنەدەر وبەرەو مووچەومەزراکانی ئاوایی سەهۆڵان بەڕێ کەوتن. بەو نیازە سبەی کە جێژنی قوربانە و بنەماڵەی پۆڵێک پێشمەرگەی شەهید کە لە گۆرستانی سەیدی کاکەجان بەخاک سپێردراون، بنەماڵەکانیان لە شاری مەهاباد و ئاواییەکانی دورووبەر بۆ جێژنە پیرۆزە لە ڕۆڵە شەهیدەکانیان ڕوو لەو گۆرستانە دەکەن و ئەوە بۆ ئێمەی کادر و پێشمەرگە هەلێکی باش بوو کە بتوانین لەسەر گۆری شەهیدەکان، بنەماڵەکانیان زیارەت بکەین و دیداریان لەگەڵ نوێ بکەینەوە. هەوراز و لێژمان بڕی و لەبەر تریفەی مانگە شەو خۆمان گەیاندە شوێنی مەبەست، لەبەر هەموو ئەگەرێک نەکا دوژمن پێی زانیبێتین، بەسەر چەند دەستەدا دابەش بووین. باغات و مەزراکانی ئاوایی سەهۆڵان (سەید کاکەجان و شاڵبەست) باوەشیان بۆ پێشمەرگەکان کردبۆوە و بە بەربوومی تازە پێگەیشتووی وەک گێلاس و ئاڵووبالوو و قەیسی… میواندارییان لە پارێزەرانی نیشتمان دەکرد.
شەو ڕاکشا بوو و دەبوا لەو فورستە کەمە کە ماوە کەلک وەربگرین و سەرخەوێک بشکێنین. هەر پێشمەرگەیە و لەپاڵ دارێک و بنپەسیوێک کیسەخەوەکەی ڕاخستووە و چاوەکانی لەسەر یەک داناوە. بەیانی تازە خۆر لە سەرانی داوە کە لە لایەن دیدەبانەکانەوە ئاگادار کراین کە لەسەر پشتی کونەکوتری سەهۆڵان جموجۆڵێک دیارە، بەڵام ڕوون نییە هێزەکانی ڕێژیمن یا خەڵکی ئاساین. کەوتینە ڕوانین، ئەوانە جموجۆڵیان زۆر نائاساییە و بۆیە پێویستە ئامادە بین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەرچەشنە بەرنامەیەکی دوژمن. لەو ئان و ساتەدا دوو کەسی خەڵکی ئاوایی سەهۆڵان پەیدا بوون، یەکی تەلیسێکیان بە کۆڵەوە بوو. ئاشنا بوون، دوای چاکوچۆنی گوتیان دەمانزانی لێرەن گۆشتی قوربانمان بۆ هێناون، جاری بەرگوتێک بکەن و گوشتی دیکەش بەڕێوەیە. پرسیاری جموجۆڵەی پشتی کونەکۆترمان کرد ، گوتیان ئەوانە گەنجولاوی ئاوایی عیساکەندن و بە خۆشی هاتوون بۆ ئەو شوێنە. بەو هەواڵە وەزعییەت ئارام بووە و چەند پێشمەرگەیەک خەریکی دابەشکردنی بەشە گۆشتەکەی خێری قوربان بوون کە کەسێکی دیکەی ئاوایی هاتە لامان. ئەو بابی یەکێک لەو پێشمەرگانە بوو کە حیزب بورسییەی خوێندنی بۆ دابین کرد بوو و لە وڵاتی ئوتریش خەریکی خوێندن بوو. نیگەران دیار بوو. ڕووی لە شەهید عەبدوڵڵا شەریفی کە بەرپرسی کومیتەی شارستان بوو کرد و گوتی هیچ خەبەرتان لە ئوتریش هەیە؟ لەسەر وەڵام ڕانەوەستا و گوتی ڕادیو بی بی سی ئەمشەو باسی کردووە کە لە ڤییەن تەقە لە سێ کورد کراوە، منیش نیگەرانم و کە زانیومە ئێوە لێرەن، هاتووم لە ڕێگای ئێوەوە هەواڵێکی کورەکەم بزانم. دڵخۆشیمان داوە و گوتمان هیوادارین هیچ نەبووبێ و کوڕەکەت سەلامەت بێ.
سەعات نزیک بە ١٢ی نێوەڕۆ و کاتی بڵاو بوونەوەی بەرنامەکانی ڕادیو دەنگی کوردستان بوو. چەند بنەماڵەیەکی شەهیدان هاتبوون بۆ سەر مەزاری ڕۆڵەکانیان و ئێمە دەمانەویست ڕۆژ دەرنگتر بێت جا سەردانیان بکەین. ڕادیو دەنگی کوردستان بە شمشاڵێکی بەسۆزی نەمر قالەمەڕە دەستی پێ کردبوو ، دەنگی شمشاڵەکە ئەوەندە بەسۆز بوو، بێ ئەوەش هەواڵێکی ناخۆش ببیستی دڵت ڕادەچڵەکی و جۆرێک لە ترس ونیگەرانی دایدەگرتی. ئەو هەواڵەش کە شەوی ڕابردوو لە ڤییەن تەقە لە سێ کورد کراوە، هیندەی دیکەی پەرۆش کردبووین. بۆیە بریار دەرا بە بێسیمی ڕاکاڵ بچێنە سەر خەت، هەر کە بێسیمچی دووکمەی هەڵکردنی لێدا، بینیمان تەواوی هێز و کومیتە شارستانەکانی حیزب لەسەر خەت بوون و خەریکی وەرگرتنی پەیام لە دەفتەری سیاسی بوون. لەو سەروبەندەدا ڕادیو دەنگی کوردستان ڕوو بە خەڵکی کوردستان و کادر و پێشمەرگەکان ئەو هەواڵەی بڵاو کردەوە کە دوکتور قاسملوو شەوی ڕابردوو کەوتۆتە بەر هێرشێکی تیرۆریستی و بریندارە و… .
دەستمان شل بوو. شادی و خۆشی باری کرد و جێگای خۆی دا بە ماتم. کەس باوەڕی نەدەکرد کە دکتور قاسملوو تەقەی لێ کرابێ . بەپەلە لەگەڵ شەهید عەبدوڵڵا شەریفی لە ڕیگای جەدوەلی ڕەمزەوە خەریکی خوێندنەوە پەیامی دەفتەری سیاسیی بووین. پەیامەکە پێچەوانەی هەواڵەی ڕادیو بوو، بەڕوونی لە چەند خاڵدا گوترابوو کە د. قاسملوو و عەبدوڵڵا قادریئازەر و کوردێکی عیڕاقی کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی تێرۆریستان و شەهید بوون… گوترابوو کە حیزب لە جیگای خۆیەتی و بەوریایی بجوڵێنەوە و نابێ پێشمەرگەکان تووشی ئیحساسات بن و… .
ئەو هەواڵە بۆ ئێمە چاوەرواننەکراو بوو، بۆیەش باوەرکردنی زۆر سەخت بوو. هەواڵەکە بەخیرایی لەنێو پێشمەرگەکاندا بڵاو بۆوە.، وەزع شیوا و هەر پێشمەرگە لەبن پچکەدارێک هەڵکورمابوو و لەبەر خۆیەوە دەگریا. بۆ ماوەیەک کەس نەبوو بتوانێ دڵی کەسی بداتەوە. هەرچۆنێک بوو وەخۆ هاتینەوە. بە پارستنی ڕێوشوێنە ئەمنییەتییەکان کادر و پێشمەرگەکانمان لە شوێنێک کۆ کردەوە. شەهید عەبدوڵڵای شەریفی لەو کۆبوونەوەیەدا گوتی کە حیزبی دێموکرات ئەو ڕێکخراوەیە نییە کە بە شەهیدبوونی ڕێبەرانی لە پێ بکەوێ، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕێبەرە دوکتور قاسملووش بێ، بۆیە لێرە و لەو گەرمەبرینەدا با هەموومان بەڵێن بدەین ڕێبواری بەوەفای ڕێبازی دوکتور قاسملوو بین و بە دوژمنی بسەلمێنین خەیاڵی خاوە کە پێی وایە بە شەهید کردنی دوکتور قاسملوو حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لێک هەڵدەوەشێ… دوایە فەرماندەرانی پێشمەرگەمان کۆ کردنەوە و بۆ وریایی زیاتری هێزەکە کۆمەڵە ڕێنوێنییەکمان پێدان و ڕوومان لە ئاوایی سەهۆڵان کرد. خەڵکی ئاوایی هەواڵەکەیان بیستبوو. هەرچەند ڕۆژی جیژنی قوربان بوو، بەڵام شوێنەوارێک لە شادی و خۆشی لە هیچ کوێ بەدی نەدەکرا. لەلایەک هاوخەممان بوون و لەلایەکی دیکە بە هەموو زمانێک سەرکۆنەیان دەکردین کە چۆن ڕێبەری جووڵانەوەیەک ئاوا بە سانایی دەبێتە نێچیری دەستی دوژمن! بارگرانی خەمی لەدەستدانی کاک دوکتور لەلایەک و حەقیقەتی ئەو قسەوباسانەی خەڵک لەلایەکی دیکە کە لە ڕووی دڵسۆزییەوە دەکران ئەوەندەی دیکە برینی لەدەستدانی ڕێبەرمانی بەژان کردبوو…
شەو شەق ببوو لە نێو ماڵئاوایی گەرمی خەڵکی سەهۆڵان ڕوومان لە چیا کرد و بەرەو سەرچاوەی قەمتەرێ کە شوێنێکی ئەستەم بوو وەڕێ کەوتین. وەک شەوانی ڕابردوو نەبوو ، ڕێچکەی پێشمەرگە زۆر بێدەنگ و کپ بوو، خەمی لەدەستدانی د. قاسملوو هەموو تانوپۆی لەشی داگرتبووین، کەسمان نەیدەزانی لە بیرو مێشکی ئەو دیکەدا چ دەگوزەرێ و هەتا بەیانی چ ڕوو دەدا؟
دەوروبەری سەعاتی ١٠ی بەیانی دیدەبان ئاگاداری کردینەوە کە ئاپۆرایەک خەڵک بەرەو سەرچاوەی قەمتەرێ دێن. کاتێک نزیک بوونەوە چەند دایکە شەهیدی پێشمەرگە بوون کە دوای ئەوە هەواڵی شەهید بوونی دوکتور قاسملوویان بیستبوو، لە مەهابادەوە بەنێو ئەو هەمووە بازگە وپێگەومۆڵگەی دوژمندا هاتبوون بۆ ئەوەی ئێمە ببینەوە و هاوخەمیمان لەگەڵ بکەن و ورەمان بدەنێ… هاتبوون بڵێن کوردستان چاویان لە ئێمەیە و دەبێ بەهێز و شێلگیر بین… . هاتنی ئەو دایکە شەهیدانە لە ڕاستیدا وەک برووسکەیەک وابوو کە تەکانێکی ڕوحیی لە پێشمەرگەکان دا. دواتریش
هەتا لە ناوچە بووین و ڕوومان لەهەر ئاواییەک دەکرد، دەماندی کە هاوسۆزی و پشتیوانیی خەڵک لە حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگە پێچەوانەی ویستی دوژمن ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبوو.
ڕۆژی ٨/٧/١٣٦٨بە بەرنامەیەک توانیمان بچینە سەر جادەی مەهاباد-میاندواو لە دەروازەی شاری مەهاباد بە سەدان ماشێن لەسەر جادە ڕابگرین. سەرنشینەکانی ئەو ماشێنانەمان کە خەڵکی جۆراوجۆر و تەنانەت خەڵکی دەرەوەی کوردستانیشیان تێدا بوون لە دەشتاییەکی قەراغ جادەکە کۆمان کردنەوە و لەسەر چۆنیەتیی تێرۆری د. قاسملوو، ئامانجی جووڵانەوە و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و ئیدامەدانی ڕێبازی شەهیدان قسەمان بۆ کردن. دوای ئەو قسانە و بەدیلگرتنی ١٧کەس و دەست بەسەر داگرتنی سێ دەزگا ماشێنی هێزەکانی ڕێژیم، ئیزن درا خەڵک بە شوعاری “قاسملوو هەر زیندووە”، “خەبات دڕێژەی هەیە”، “بژی پێشمەرگە” و هەڵکردنی چرای ماشێنەکانیان بەرەوە شوێنی خۆیان برۆن و هەر لەویش دیلەکان ئازاد کران. ئەوەی لەو ڕۆژەدا جیگای سەرنج بوو، دوای کرانەوەی جادەکەش خەڵکەکە دەوروبەری پێشمەرگەکانیان بەرنەدەدا وتەنانەت هیندێک لە لاوەکان ببوونە هاوکاری پێشمەرگەکان لە ناساندنی هێزەکانی ڕێژیم. لەو ساڵەدا بەپێی ئامارەکان کە لە “جنگ در کردستان”دا بڵاو بۆتەوە : ١٢٠چالاکیی پێشمەرگانە بەدژی هێزەکانی ڕێژیم لە سەرانسەری کوردستان بەڕێوە چوون کە لەو چالاکییانەدا لەسەریەک ئەوانەی بۆ هێزی پێشمەرگە شناسایی کراون ٤٤٤ کەس لە هیزەکانی ڕژیم کوژران و ٣٥٨کەس بریندار بوون و ٢٥٣کەس بەدیل گیران و لە بەرابەردا ٦٦پێشمەرگە و٥٠کەس لە خەڵکی بێ دیفاع شەهید بوون.
کۆماری ئیسلامی لێکدانەوەی ئەوە بوو کە بە شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بەچووکدا دێنێ و دوای شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو هێزی پێشمەرگە ورە لەدەست دەدا و مەیدانی خەبات و بەربەرەکانی چۆڵ دەکا، بەڵام هەر زوو بۆیان دەرکەوت کە جووڵانەوەی مافخوازانە و ئازدیخوازانەی کورد و حیزبی دێموکرات بەوە لەبن نایە. هەر ئەوەش بوو کە سێ ساڵ دواتر (٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١) دوکتور سادق شەرەفکندی و هاورێیانی بە بڕیاری کۆمیتەی تایبەت تێرۆر کران، دوو ساڵ دواتر لە (١٨ی خەزڵوەری١٣٧١) بە شەش فرۆکەی جەنگی بە بۆمب هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی حیزب و چوار ساڵ دواتر (١٣٧٥) هێزێکی گەورەی کۆک و پۆشتەی سپای پاسداران بە قسەی خۆیان بە مەبەستی لێدانی زەربەی یەکجاری لە حیزبی دێموکرات سنووری ئێران عیراقیان بەزاند و بە چڕی بنکەوبارەگا و شوێنی بنەماڵەکانی حیزبیان مووشکباران کرد، بەڵام بەدەستی خاڵی گەڕانەوە. ٢٢ساڵ دواتر لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧سپای پاسداران بە ٧مووشەکی دوورهاوێژ کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندیی حیزبیان کردە ئامانج و… . لە ئاکامدا هەتا ئیستا بە شاهیدی هەموو لایەک لەگەڵ ئەو هەموو هێرش و پەلامارانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ڕێبەری و ڕێکخراوەکانی حیزب لە هەموو ئەو ماوەیەدا؛ حیزبی دێموکرات وەک هێزی سەرەکیی جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لەسەر پێیە و بە هێزوتوانا لە مەیدانی خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی و ڕزگاریی گەلی کورد درێژە بە خەبات دەدا.