(ژن له پانتایی هونهری گۆرانیدا)
ژن بە گشتی لە پانتایی گۆرانیی كوردیدا، ڕوخسارێكی لێڵی هەیە. یان ئەوەتا تەنیا لە گۆشەنیگای پیاوەوە باسی كراوە و پەسن و تاریف یان زەمی كراوە، یان ئەگەر خۆیشی ویستوویەتی جاروبارە ناخی خۆی بخاتە ڕوو، ئەوا دواجار ئەو دەربڕینەشی هەر لە هێلانەی سینەیدا ماوەتەوە و هۆنراوە و گۆرانییەكەشی هەر پیاو چڕیوێتەوە. وەك هەموو ئەو بەشانە لە حەیران و بەیتەكان كە پیاوان دەیانڵێنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ژن هۆنیویاننەتەوە و بە “كیژ دەڵێ…” دەست پێ دەكەن. جا بۆ تێگەیشتن لە هەموو لایەنەكان و هۆكارەكانی ئەو بزربوونەی دەنگی ژن لە فۆلكلۆری ئێمەدا، ناچارین زۆر بگەڕێینەوە دواوە و لە پێشداش ئاوڕێك لە كولتووری گەلان بدەینەوە بۆ ئەوەی بزانین ئاخۆ تەنیا لە نێو كۆمەڵگەی كوردەواریی ئێمەدا وا بە سووك و بێ بایەخییەوە سەیری ژن كراوە یان لە نێو گەلانی دیكەشدا ئەو ڕەوتە هەر وابووە؟ با بزانین ئەو سووك ڕوانینە لە ژنان، بەرهەمی ژیان و ژیاری نوێیە، یان نەخێر ڕەگ و پنجی لە بنەبانی مێژوو دایە؟
ویل دۆرانت لە كتێبی چێژەكانی فەلسەفەدا ئاوا باسی ژن دەكا: “ئەرەستۆ گوتوویەتی ژن، بۆیە ژنە چونكە پیاو نییە. ئەفلاتون شوكرانەبژێری خودایە كە بە ژنی نەخوڵقاندووە. یەكێكی تر پێی وایە باسكردن لە ژن وەك ئەوە وایە باسی كێم و چڵك و چەپەڵی برینان بكەی”. بەڵگەی مێژوویی و مرۆناسی زۆرن لەسەر ئەوەی سەردەمانێك ژنەكان لە دەسەڵاتدا بوون و تەنانەت حاڵەتێكی خوایانەشیان هەبووە. ئەو پەیكەرانەی لەسەردەمانی پێش مێژوو دۆزراونەتەوە و تێیاندا پەیكەرەكان لە شێوەی ئافرەت دروست كراون و مرۆڤەكان پەرستوویانن، ئەوە دەردەخەن كە ڕوانگەی مرۆڤەكان بۆ ژن لە سەردەمی ژیانی مرۆڤی كەونارادا ڕوانگەیەكی پیرۆز بووە. سەید محەمەد عەلی سەجادی توێژەری زانكۆی شەهید بەهەشتیی تاران لە وتارێكیدا بە ناوی “زن و هبوگ” كە لە لاپەڕە ١٧٣ ی ژمارە ٥٧ی گۆڤاری توێژینەوەی زانستە مرۆییەكاندا بڵاوی كردووەتەوە، لەو بارەیەوە دەڵێ: “بوونی ئەو خاتوو خوا (خواژن)ـانەی كە سەردەمانێكی زۆر دەسەڵاتیان بەسەر جیهانی بیر و هزری مرۆڤەكاندا هەبووە، ناهێڵێ حاشا بكەین لەو ڕاستییەی كە سەردەمانێك ژن دەسەڵاتدار و پادشا بوون… و توێژنەوەكان سەلماندوویانە كە یەكەمین خانووەكان ژن دروستیان كردوون. یەكەم تۆو و دانەوێڵە ژن چاندوویەتی و یەكەم جلوبەرگەكان بەرهەمی پیشەی دەباغی و چنین و دوورینی ئەوان بووە و تەنانەت هەوڕگەری (دروستكردنی گڵینە)ش داهێنانی ئەوان بووە… و زۆربەی هەرە زۆری كەوناراناسەكانیش پێیان وایە یەكەم وەرزێرەكان ژن بوون.”
مرۆڤ چەندە لە سەردەمی ئۆستوورەكانەوە دوورتر دەكەوێتەوە و ژیانی سەرزەوی كۆنتر دەبێ، دەسەڵاتی ژنیش كەمتر دەبێتەوە. توێژینەوەكان وایان دەرخستووە كە لە پێشدا ژن بەشێك لە دەسەڵاتی خۆی لەگەڵ پیاواندا دابەش دەكا. بەڵام كە شارستانییەتەكان دادەمەزرێن، بەهۆی ئەوەوە كە ناچار دەبن هێزی سەربازیی بەردەوام دامەزرێنن، وردە وردە ئەو دەسەڵاتە لە ژن دەستێنرێتەوە و ئیتر پیاوان دەبنە مەیداندار و ئەوجار ئەوە پیاوانن تەنانەت چۆنیەتیی بیركردنەوەكانیش دیاری دەكەن. ئیتر لەمەودوا مرۆڤەكان كە لە زەوییەوە سەر بەرەو ئاسمان هەڵدەبڕن و پێگەیەكی ئاسمانی بەخودا دەبەخشن، بەشوێن كەسێكدا دەگەڕێن كە تاوانی چارەڕەشی و مەینەتییەكانی بخەنە ئەستۆی و لێرەشدا لە ژن باشتریان وەگیر ناكەوێ. ئەو دەسەڵاتدارەی كە ئیتر دەسەڵاتێكی نەماوە. كە پێشتر ژن بەسەرچاوەی ژیان و تەنانەت گۆی زەویش بە مێینە و سەرچاوەی ژیان سەیر دەكرا و وەك زەویی دایك ناوی دەبردرا، ئیتر ئەمجارەیان هەموو ئەو شتانە پێچەوانە بوونەوە.
خەڵكی یونانی كۆنیش هەر بەسووك سەیری ژنیان كردووە و سووكیان لێ ڕوانیون. بۆ وێنە لە ئیلیادە و ئۆدیسەی هۆمێردا زۆر بە دەگمەن باسی ژنان دەكرێ و هەر كاتێكیش باسی ژنان كراوە، ئەوە وەك هۆكاری داگیرسانی بڵێسەی شەڕەكان و ئێرەیی پێبردن باسی ژنی كردووە، یان وەك كۆیلە و ئاژەڵ و دەستكەوتەكانی شەڕ.
شاعیرێكی یونانی كە ٨٠٠ ساڵ بەر لە زایین ژیاوە، سەرەتای هەموو نەهامەتی و چارەڕەشییەكانی مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ پەیدابوونی یەكەم ژن بە ناوی پاندۆرا. سوزان مولیر ئۆكین لە كتێبی “ژن لە فەلسەفەی سیاسیی ڕۆژاوادا” بەو جۆرە تیشك دەخاتە سەر بۆچوونەكانی هەسیود: “لەگەڵ دەركەوتنی یەكەم ژن لەسەر زەوی ئیدی چارەڕەشیی مرۆڤیش دەستی پێ كرد. تۆرەمەی ژنان كە سەرچاوەی مەرگ و تێداچوونن، لە پاندۆرا كەوتووەتەوە كە ڕەگەز و نەژادێكی پیس و چەپەڵی هەبوو.. و مخابن بوونی ژن بۆ زاوزێ و مانەوەی تۆرەمە و ماڵداری پێویستە. ئەو خوێنەری بەرهەمەكانیشی وریا دەكاتەوە كە متمانە بە ژنان نەكەن”. یان پریكلێسی سیاسەتمەداری یونانی لە ئامۆژگارییەكانیدا ئاوا باسی ژن دەكا: فەزیلەتی ژنێتی كە كەسایەتیی سروشتیی ژن پێك دێنێ، وا هەڵدەگرێ ژنان كەمتر قسە بكەن، جا قسەكانیان چاك بن یان خراپ.
باشترین بەڵگە بۆ تێگەیشتن لە پێگەی ژن لە كۆمەڵگەی كۆنی مرۆییدا، ئەو پەند و ئیدیۆمانەن كە زار بە زار گەیشتوونەتە ئەمڕۆ. بۆ وێنە لە ئێرانی كۆندا گوتوویانە: “باشترین ژن، ئەو ژنەیە كە هێشتا لە دایك نەبووە.” یان لە نێو عەرەباندا گوتوویانە: “گۆڕ باشترین زاوایە بۆ ئافرەت”. یان ئەوەتا ئیدیۆمێكی چینی هەیە كە دەڵێ: ” كە چوویتە لای ژنان، قەمچییەكەتت لەبیر نەچێ”. لە كوردەوارییەكەی خۆشماندا بەردەوام شتی لەو جۆرە گوتراوە: “ژن ئەقڵی لە كۆشی دایە، هەر هەستێتە سەر پێ، لێی بەردەبێتەوە”، یان “ژن قژی درێژە و ئەقڵی كورتە”. ئەوە لە ئایینی ئیسلامیشدا بە دوو ژن حیسابی پیاوێكیان بۆ دەكرێ، هەم لە مەسەلەی میرات و هەمیش لە شایەتیداندا. ئەحمەدی بەحری لە گەنجی سەربەمۆردا دەنووسێ: ژن لە مێژوودا هەوراز و نشێوێكی زۆری پێواوە. زەمانێك بەرپرسی ماڵ بووە، زەمانێك دەسەڵاتی خۆی پەرە پێداوە و دەورانی “مێ وەجاغی” پێك هێناوە. دوایە بە هێندێك هۆ وردە وردە ئەم دەسەڵاتەی لە دەست داوە و دەورانی “نێر وەجاغی” دەستی پێكردووە و ئیتر خۆی پێ نەگیراوەتەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ پتر كەڵك و بایەخی خۆی لە دەست داوە و تەنانەت وای لێهاتووە، بوونی مایەی سەرشۆڕی بووە و زیندەبەگۆڕیان كردووە.
خۆی ئەگەرچی لە نێو پەند و ئیدیۆمە كوردییەكاندا زۆر ئیدیۆمی واش دەست دەكەون كە نیشانەی بایەخدانن بە ژنان، بەڵام بە ڕوویەكەی دیكەیدا ئەوانیش كە لێكیان دەدەیتەوە، دەبینی دیسان ڕواڵەتەكەی وا دەنوێنێ كە ڕێزی لە ژن گرتووە. بۆ وێنە دەڵێن:” ژن كۆڵەكەی ماڵە، یان ژن و ماڵیان گوتووە”. لە هەر دوو ئیدیۆمەكەدا كە لێی ورد دەبیتەوە، ژن بە ماڵەوە گرێ دراوەتەوە. لە یەكەمیاندا بە كۆڵەكە شوبهێنراوە. خۆی دیارە كۆڵەكە نەبێت ماڵ دەڕمێ، بەڵام كۆڵەكە بە لایەكی دیكەدا ڕەمزی چەق بەستن و چەقینە لە شوێنێك. ڕەمزی نەبزووتن و بێ جووڵەییە لەگەڵ ئەوەدا كە هەموو قورساییەكەشی لەسەرە. لە ئیدیۆمەكەی دیكەشدا “ژن و ماڵیان گوتووە”، دیسان قەتیس كردنەوەی ژنی تێدایە لە چوارچێوەی ماڵدا. هەر ئەو شتەی هەتا ئێستاش بەشی هەرە زۆری كۆمەڵگە شەرقییەكان بەدەستییەوە دەناڵێنن و بەو هۆیەوە ژن هەر نەیتوانیوە سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت و لە ئاكامی چاولەدەستبوون و بەستراوەیی ئابوورییەكەیەوە بەشێكی هەرە زۆری مافە ئینسانییەكان پێشێل دەكرێ. دەی لەو كۆمەڵگەیەدا كە بەو جۆرە لە ژن بڕوانێ و پێی وابێ بێدەنگبوون، حیجاب و شەرمی ژنە، ئیتر تواناكانی ژن چۆن دەپشكوێن و چۆن گەشە دەكەن؟ ئیتر چۆن كۆمەڵگاكەمان لە توانا شاراوەكانی ئەو بەشەی خۆی بەهرەمەند دەبێت، كە هەر خۆی ڕێگەی پێ نادا گەشە بكات.
عەزیز وەلیانی لە كتێبی ژیلەمۆدا ئاوا باسی ئافرەتی كوردەواری دەكات: سەرباری قەرقەشی و سەخڵەتیی ژیان لە لایەن باب و برایانی كە لە ژێر كارتێكردنی فەرهەنگی تایبەتی عەشیرەتن، بێ حورمەتیان پێ كراوە، گوێیان نەداوەتە ویست و دڵخوازی ئەو، بە كەمیان زانیوە، بە خۆیاندا شكاندۆتەوە، كەسایەتی و غرووریان لە ژێر پێ ناوە، شەڕیان پێ داكووژاندووە، بە بەرخوێنیان داوە، لەسەر لانكێ دەسنیشان كراوە، بۆتە بن پشكی برایان، بە زۆر بە مل كەسێكیان دابڕیوە، جا چ زەبەلاح و ڕەزاگران بێ و چ پەككەوتە و ئیختیار.
بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانە بەو دەرەنجامە دەگەین كە ئەو بەشە لە كۆمەڵگای كوردەواریمان، تەنانەت ئەگەر زۆر بەتوانا و بەهرەمەند و داهێنەریش بێت، ئەوەندەی كۆسپ و لەمپەر لەبەردەم دایە كە ڕێگەی دەركەوتنی پێ نادات و لە ئاكامدا كۆمەڵگاكەش لێ بێبەش دەبێ.