لە ماوەی مانگی پووشپەڕدا لانیکەم ٨ کەس لە کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون کە “چاونیوز” ناو و شوناسی دوو کەس لەوانی ئاشکرا کردووە. لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئهمساڵدا تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکان لە کوردستان زیاتر لە ١٥ قوربانیی وەرگرتبوو کە چاونیوز شوناسی ٧ کەس لەوانی ئاشکرا کردبوو. بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون یان بریندار بوون لانیکەم ٢٥ کەس بووە کە شوناسی ٩ کەس لەوان زاندراوە. ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم ٥٠ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٣١ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بووە. بەپێی زانیارییەکانی “چاونیوز” لەو ٣١ کەسە ٢١ کەسیان بریندار و نقوستان و ١٠ کەسیشیان گیانیان لەدەست دابوو.