ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە ماوەی مانگی پووشپەڕدا لانیکەم ٤٢ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز” لەو ٤٢ کەسە ٧ کەسیان دادگایی و سزای سێ مانگ هەتا ١٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان لە وەرزی بەهاریشدا ١٢٦ کەسیان لە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گرتبوو، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون ١٦٨ کەس بووە. لە ڕووداوێکی دیکەدا هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە ورمێ کەسێکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی ڕەحمان ئەحمەدیان دەستبەسەر کردووە و لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتوویانە و پاش چەند ڕۆژ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی پووشپەڕ تەرمەکەی ڕادەستی ماڵباتەکەی کردووەتەوە. جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یش لانیکەم ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٦٤٠ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ هەتا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ (زیندان سەرجەم ٨٨٢٥ مانگ) و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو.