دوو حەوتووە دارستەکانی زاگڕۆس دەسووتێن و دەبنە خەڵووز، حکوومەت بە لای ئاگرەکاندا ناچێ و ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنییش شەکەت و ماندوو بەتەنیا شانیان وەبەرداوە.
بەهمەن ئیزەدی، کارناسی ژینگە دەڵێ هەرنەبێ تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی زاگڕۆس سووتاون و لەبەر ئەوەش شینبوون و ڕووانی دارەکانی زاگڕۆس تایبەت بە قۆناغێکی تایبەتن، ئەم خەسار و زیانە قەرەبوو ناکرێتەوە و بووژانەوەی زاگڕۆسیش ئیدی ئەستەمە. ئەو کارناسە و زۆر چاودێری سیاسییش لەسەر ئەو باوەڕەن کە زۆربەی هەرە زۆری سووتمانەکانی زاگڕۆس دەستی ئانقەستیان لەپشتە و بۆ ئەوەیە زاگڕۆس نەمێنێ و خەڵکەکەی لەو شوێنە بار بکەن.
ناسر کەرەمی، هەرێمناس و کارناسێکی دیکەی ژینگەش پێیوایە کە ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەرپرسیاری سەرەکیی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بناری زاگڕۆسن، چونکی لەلایەک تاوانبارن بەوەی دەستیان لە سووتمانەکاندا هەبێ، هەروەها هەموو ئیمکاناتێکی کوژاندنەوە و بەرگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئاگرەکان لە پاوانی ئەوان دان، کەچی نە بۆخۆیان هیچ هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵی ئاگرەکان دەدەن، نە ئەو ئیمکاناتەش دەنێنە بەردەستی ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی؛ هەر ئەوەش گومانەکان لەسەر خۆیان بەهێزتر دەکا.