عەلی فەرەهمەند، فەرمانداری ڕێژیم لە دێزفوول دەڵێ: “خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان کاری دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ئەم شارە کێشەی کەمیی ئاوی نییە.”
عەلی فەرەهمەند، فەرمانداری ڕێژیم لە شاری دێزفوول، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا بە شاردنەوە و چەواشەی ڕاستییەکان، خەڵکی خۆپیشاندەر و ناڕازیی بە ئاژاوەگێڕ و دژبەری حکوومەت ناو برد و وتی: “شاری دێزفوول کێشەی ئاوی نییە و ئەو خەڵکە بە بانگەوازی دژبەڕانی حکوومەت دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان.”
شایانی باسە کە لە درێژەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانە گشتییەکانی پارێزگای خووزستان لەهەمبەر کەمیی ئاوی خواردنەوە و ناکارامەیی بەرپرسانی دەسەڵاتداری ئێران، خەڵکی شاری “دێزفوول”یش وەکوو زۆربەی شارەکانی ئەو پارێزگایە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن، کەچی فەرمانداری دێزفوول خەڵک بە ئاژاوەگێر ناودەبا و لە چواشەکارییەکدا دەڵێ: “خۆپیشاندانی خەڵک پیلانی دوژمنانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.”