فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا بنکەی ئاسمانیی” ئەلشەعیرات” لە پارێزگای “حومس”یان کردە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی پووشپەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بنکەی ئاسمانیی” ئەلشەعیرات” لە پارێزگای” حومس” و بنکەکانی حیزبوڵای لوبنانیان لە فڕۆکەخانەی سەربازیی” ئەلزەعبە و ئەلقەسیر” کردووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و کۆگای چەک و تەقەمەنی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و حیزبوڵای لوبنانیان بە تەواوەتی لەنێو بردووە.
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە سەدان جار هێرشی کردوەتە سەر بنکە ومۆڵگەکانی ڕێژیمی بەشارئەسەد و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە.
هەر لەم پێوەندییەدا ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ئەمساڵ زیاتر لە ٥٠ مۆڵگەی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە کردۆتە ئامانج و هەروەها ڕایگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریەدابن، هێرشەکان بەردەوام دەبێ.