ئەمڕۆ ٣١ی پووشپەڕ، ٣٣ سال بەسەر کیمیابارانی گوندی زەردە لە ناوچەی دالاهۆ سەر بە پارێزگای کرماشان تێدەپەڕێ.
ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕی ١٣٦٧ی هەتاوی، لە هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی عێراقدا، چەندین بۆمبی کیمیایی گوندی زەردە لە ناوچەی داڵاهۆی سەر بە پارێزگای کرماشانیان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە، لەو ڕۆژەدا ٢٧٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ٨٣٠ کەسیش بریندار بوون کە بەشی زۆریان لە ساڵانی دواتر بەهۆی ژاراویبوونیان گیانیان لەدەستدا.
هێزی ئاسمانیی عێراق بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە چەندین بۆمبی کیمیاییان لە گوندی زەردە دا و یەکێک لەو بۆمبانە کەوتە نێو ئاوی کانیاویی گوندەکە و ب کەڵکوەرگرتنی خەڵک لە ئاوی کانیاوەکە، خەساری زۆری لێکەوتەوە و بەشێکی خەڵکی گوندەکە تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر یەک لەوان شێرپەنجە بوون کە منداڵانێکیش بەو هۆیەوە داوتر بە کەمئەندامی لە دایکبوون.
ئاماری لەباربردنی منداڵ، کێشەی دەروونی، شێرپەنجەی خوێن، نەخۆشیی پێستی لەو گوندەدا زۆرە و هەروەها بەشێکی بەرچاو لە زەوی و زاری کشتوکاڵی ئەو ناوچەیە بەهۆی ئەو کیمیابارانە لە ناوچوون.
شایانی باسە کە گوندی زەردە لە ناوچەی داڵاهۆ سەر بە شاری کرماشان هەڵکەوتووە، و ڕۆژانی ڕابردووشدا، ڕەز و باخاتی ئەو گوندە بە پیلانی ڕێژیم و لەلایەن کەسانی نەناسراو ئاگری تێبەر دراوە و خەسارێکی زۆری بە خەڵکی گوندە گەیاندووە.