لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شارەکانی مەریوان و پیرانشار دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی پووشپەڕی١٤٠٠ی هەتاوی، “هیوا داربەرزین”، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەریوان، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازاوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هێزانە سەرەڕای دەسبەسەرکرانی ناوبراو، دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵەکەیان و دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاندووە.
هەروەها لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە ٢٦ی پوشپەڕ، هێزەکانی ئیتلاعاتی پیرانشار کەسێکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی “یاسر مەنگوڕی” دەسبەسەر کردووە.
تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەم دوو هاووڵاتییە، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی وەپاڵیان دراوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.