چالاکانی مەدەنیی و ڕێکخراوە سینفییەکانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خویان بۆ خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خووزستان لە هەمبەر نەبوونی ئاوی خواردنەوە دەربڕی.
ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، شۆرای هاواهەنگی ڕێکخراوە سینفییەکانی ئێران، یەکیەتیی خانەنشینکراوان، یەکیەتیی ئازادی کرێکاران، سەندیکای کرێکاران و چالاکانی مەدەنیی نێوخۆی ئێران لە بەیاننامەیەکدا لە ژێر ناوی” ڕۆژە خوێناوییەکانی خووزستان” پشتیوانیی خویان بۆ خەڵکی خۆپیشاندەر وناڕازیی پارێزگای خووزستان دەربڕی.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە کێ بێری لەوە دەکردەوە کە پاش سەرکوتی سیاسیی، کۆمەڵایەتی، مەزهەبیی، ئایینیی، نەتەوەیی ئیستا نورە گەیشتوەتە سەرکوتی خەڵکی تینوو و بێ ئاوی پارێزگای خووزستان کە داوای مافی رەوای خویان دەکەن.
لەبەشێکی دیکە لەم بەیاننامەیدا بە ئاماژە بە تەقە لە خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی رێژیمەوە هاتووە کە لە هیچ شوێنیکی ئەم جیهانە شتی وا نییە کە لەبەر ئەوەی خەڵک داوای ئاوی خواردنەوە دەکەن دەبێ سەرکوت بکرێن و بە گولـلە وڵامیان بدرێتەوە.
لەبەشی کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە دەبێ بە زووترین کات سەرکوت و تەقە لە خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان کۆتایی پێبێت و وڵامی ویست و داخوازییەکانیان بدرێتەوە.
جیگای ئاماژەیە کە هەرلەم پێوەندییەدا کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی سینەمای ئێران بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لەبەردەم ماڵی سینەمای ئێران لە تاران، بۆ پشتیوانیی لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای خووزستان بەڕێوە برد.