لاوانی شۆڕشگێری گەڕەکی دەڕەدرێژ لە شاری کرماشان بەهۆی بێ ئاوی و هەروەها بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی خووزستان هاتنە سەر شەقام.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ۱٤۰۰ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە لاوانی کرماشانی بانگەوازێکیان بڵاو کردەوە و داوایان لە خەڵکی شاری کرماشان کرد کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ بێ ئاوی لە هێندێک گەڕەکی ئەو شارە و دۆخی خرابی ژیان و گوزەرانی خەڵک و هەروەها پشتیوانیی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی پارێزگای خووزستان بچنە سەر شەقامی “تاق بوستان”ی شاری کرماشان.
هێزەکانی ڕێژیم وەک هەمیشە بە مەبەستی ئامادەکاریی بۆ سەرکوتی خەڵک، پێش ئەوەی لاوانی وەزاڵەهاتوو لە شوێنی دیاریکراو کۆببنەوە، بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەو شەقامەیان گەمارۆ دا و ڕیگەیان نەدا خەڵک، ناڕەزایەتیی هێمنانە بەڕێوە ببەن.
لاوانی کرماشانی لە هەڵمەتێکی دیکەدا، سەرلەبەیانی ڕۆژی ٣٠ پووشپەڕ لە گەڕەکی دەڕەدرێژی کرماشان هاتنە سەر شەقام و ڕێگاکانی ئەو گەڕەکەیان لە شاری کرماشان بە تەواوی داخست.
شایانی باسە گەڕەکی دەڕەدرێژ، ماوەی چەند ساڵە بووە بە شوێن و ناوەندی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکی شاری کرماشان بە دژی ڕێژیم.