هەڵوێستی ئەندامێکی حیزبی کۆماریخواز لە سێنای ئەمریکا، ڕوو بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی وتی: خەڵکی ئێران خوازیاری ئەوەن کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەمێنێ.
ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ هەتاوی، مارکۆ ڕوبیۆ ئەندامی حیزبی کۆماریخواز لە سێنای ئەمریکا، لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا بە زمانی فارسی نووسیویەتی: خەڵکی ئێران بە گشتی داوای ئەوە دەکەن کە دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵک کۆتایی پێ بهێنرێ و خەڵکی ئەو وڵاتە بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، دژی مانەوەی کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیین.
سێناتۆر ڕوبیۆ، هەروەها توندوتیژییە نامرۆڤانەکانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو خۆپیشاندەرانە کە داوای مافی سەرەتایی خۆیان دەکەن، مەحکووم کرد و وتی: ئەمریکا بەجێی ئەوەی کە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە فێڵاویی و شەیتانییە دانوستان بکا، دەبێ پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتە بکا.