سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران و میلیشیاکانی حیزبوڵای لوبنان، خەڵکی لوبنانیان بە بارمتە گرتووە.
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی پووشپەری ١٤٠٠ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا سەرەڕای ئاماژە بە بارمتەگرتنی خەڵکی لوبنان لەلایەن خامنەیی و نەسروڵاوە وتی: ئیسرائیل ئیزن نادا، بارودۆخی ئێستای لوبنان ئاڵۆزی لە سنوورەکانی ئیسرائیل سازبکا.
ناوبراو بە ئاماژە بەو ڕاکێتانەی کە لە لوبنانەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل کرابوون، وتی: ئەرتەشی ئیسرائیل زۆر خێرا وڵامی ئەو هێرشەی داوەتەوە و زۆر بەڕوونی ڕادەگەیێنم کە ئیسرائیل ئیزن بە هیچ کەس و وڵاتێک نادا کە هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و هەر وڵات و لایەنێک بیهەوێ سەروەری خاکی ئیسرائیل پێشێل بکا، بە توندترین شێوەی سەربازیی وڵامی دەدەینەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەدا وتی: وەکوو هەر وڵاتێکی دیکە کە رێژیمی ئێران دەستێوەردانی لەو وڵاتە کردووە، وڵاتی لوبنانیش نزیک بووەتەوە لە ڕووخان و هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە بەهۆی بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوە لەلایەن خامنەیی و نەسروڵاوە بە بارمتە گیراون.