دایە “ئایشێ عەزیز زادە”، دایکی دوو شەهیدی ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزاڤی نەتەوەیی کورد، شەهیدان سەروان ئەحمەد جاویدفەر ناسراو بە “کاک هەژار” و سولەیمان جاویدفەر ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۲۹ی پووشپەڕی ۱٤۰۰ی هەتاوی، دایە ئایشێ عەزیز زادە ، دایکی دوو شەهیدی حیزب و گەل لە تەمەنی ۹٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد، دڵە پڕ لە هیواکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
دایە ئایشێ، ساڵی ۱۳۰٥ی هەتاوی لە گوندی قونقەڵا سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووە و وەک دایکێکی شۆڕشگێر و خۆڕاگر لە هەگبەی ژیانیدا ، تەنیا لە مەودای یک مانگدا لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، دوو کوڕی سەربەرزانە و بە شانازییەوە، پێشکەش بە ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان کردووە.
شەهید سولەیمان جاویدفەر، ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٠ لە شاری مەهاباد لەلایەن ڕێژیمی کوردکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێعدام دەکرێ و مانگێک دواتر لە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٦٠، کۆڕێکی دیکەی دایە ئایشێ واتە سەروان ئەحمەد جاویدفەر ناسراو بە ” کاک هەژار “، فەرماندەری هێزی شەهید پێشەوا و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات، لە شەڕی جاددەی بانە بۆ سەردەشت شەهید دەکرێ.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچیدوایی دایە ئایشێ عەزیز زادە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شۆڕشگێری و هەموو کەسوکاری و خەڵکی ناوچەی مەهاباد دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.