لە شەشەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانی پارێزگای خووزستان، سێ کەسی دیکە لە خۆپیشاندەران لە شاری ئیزە بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم کوژران.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنە، خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەرانی پارێزگای خووزستان شەوی سێشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە شەشەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانیان بەدژی کەم ئاوی و گەندەڵی بەرپرسانی رێژیم ڕژانەوە سەر شەقامەکان و لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای خووزستان دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەییان دەگوتەوە.
لە شاری ئیزە هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم تەقە لە خەڵکی ناڕازیی دەکەن و بەم هۆیەوە سێ کەسی دیکە لە خۆپیشاندەرانی ناڕازیی دەکوژرێن و بە دەیان کەسی دیکە بریندار دەبن و تا ئێستا ئاماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای خووزستان گەیشتوەتە ٦ کەس.
جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژ بەڕۆژ خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لە پارێزگای خووزستان لە پەرەسەندندایەوە و هەروەها شارەکانی تاران، مەشهەد، کەرج، خوڕەماوا و دوروود بە نیشانەی هاودەنگی و پشتیوانیی لە خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دروشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر و بڕووخی کۆماری ئیسلامی و مەرگ بۆ خامنەییان وتوەتەوە و بەمجۆرە پشتیوانی خۆیانیان بۆ خەڵکی پارێزگای خووزستان دەربڕیوە.
سێ کەس لە خۆپیشاندەرانی ناڕازیی شاری ئیزە بە ناوەکانی” محەممەد عەبدوڵاهی، هادی بەهمەنی و فەرشید کازمی” بە تەقەی ڕاستەوخۆیی هێزە چەکدارەکانی رێژیم کوژراون.
پێویستە بگوترێ کە هێزەکانی رێژیم لە پارێزگای خووزستان بە گازی فرمیسکڕێژ و تەقەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی خەڵکی ناڕازیی دەبنەوە و تائێستا ٦ کەس بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم کوژراون و بە دەیان کەسیش بریندارن.