مایک پۆمپێئۆ، سەرەڕای ئاماژە بە مەترسی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە وتی: کۆماریخوازەکان نابێ ئیزن بدەن بایدێن لەگەڵ رێژیمی ئێراندا بگا بە ڕێککەوتن.
مایک پۆمپێئۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەریی” فاکس نیوز” ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی بە ئاماژە بە مەترسیداربوونی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا و هێرشکردنی بەردەوامیی ئەو ریژیمە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وتی: دەبێ بە خێراترین کات ڕووبەڕووی ئەو رێژیمە گەندەڵە ببینەوە و نابێ ئیزن بدەین دەوڵەتی بایدێن لەگەڵ ئەو رێژیمە بگا بە ڕێککەوتن و ئەم کارەی بایدێن دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێژیمێکی تێرۆریست وەکوو ئێران ببێتە هاوبەشی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ناوبراو لە دڕێژەدا وتی: ڕیککەوتنی دەوڵەتی بایدێن لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا نەتەنیا مەترسی بۆسەر ئیسرائیل دروست دەکا بەڵکوو کاروباری نێوخۆیی ئەمریکا تووشی کێشە و گرفت دەکا.
پۆمپێئۆ هەروەها وتی هەموو کەس دەزانێ کە ئیسرائیل هاوپەیمانیکی بەهێزی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و دەبێ زیاتر پشتیوانیی لە بەرنامەکانی ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران بکرێ، نە ئەوەیکە دەوڵەتی نوێی ئەمریکا دەیهەوێت لەگەڵ ئەو ڕێژیمە تێرۆریستە بگا بە ڕێککەوتن.