بەرپرسی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ: هۆکاری ئاڵۆزی و بشێوییەکانی پاریزگای خوزستان دەستێوەردانی ئەمریکا و ئیسرائیلە و ئەمریکا خەڵکی ئەو پاریزگایە هان دەدا کە بەدژی کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتی دەرببڕن و ئیسرائیلیش پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ فەردا، موحسین ئێژەیی، بەپرسی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی وتی: خەڵکی خووزستان هۆشیارن و قەت ڕێگە نادەن ناحەزان ڕەخنە بکەنە ناو کاروباریان و هەروەها داوای لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کرد کە هەندێک خەڵک لە ڕووی نەزانییەوە دوژمن نەتوانێ فێڵیان لێ بکا و بکەونە داوی خواستەکانی دوژمنەوە و دەبێ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش ئاگادار بن بۆ ئەوەی ناڕاستەوخۆ لە گۆڕەپانی دوژمن یاری نەکەن.
عەباس کەعبی ئەندامی مەجلیسی خوبرگان بە نوێنەرایەتی خەڵکی خووزستان، وتی: دەبێ بە تەواوی هەوڵی هێزە چەکدارەکانەوە پێش بە دەستێوەردانی وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل بگیردرێ، لەبەر ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاسانی دەتوانن لەو ئالۆزیی و ناڕەزایەتیی دەربڕینەی خەڵک دەستێوەردان بکەن و بە بیانووی بێ ئاوی کارەساتی گەورەتر بخوڵقێنن.
شایانی باسە کە ئەو سیاسەتە کۆنەی ڕێژیم کە بە بچووکترین ناڕەزایەتیی خەڵک بۆ مافە سەرەتاییەکانیان ئیسرائیل ە ئەمریکا دەخاتە نێو بازنەکەوە ، باوی نەماوە و خەڵکی ئێران لە هەمووشتێک ئاگادارن و زۆر وشیارتر لەوەنە کە ئەو لێدوانە پرتووکاوانەی رێژیم کاریگەریی تێیاندا هەبێ.