وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: سەرەڕای ئەوەیکە بووژانەوەی بەرجام لە بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریکادایە، بەڵام ئامادەیی ئەمریکا بۆ بەئاکام گەیشتنی دانوستانەکانی ناوکی، هەمیشەیی و بەردەوام نییە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە بارەی ڕاپۆرتێکی “والێستریت ژۆرناڵ” لەبارەی بڕیارێکی ئەمریکا بۆ پێداچوونەوەی گەمارۆی قورستر بۆ پێشگرتن لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە ولاتی چین وتی: تەواوی گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی ڕێژیمی ئێران دەمێننەوە، مەگەر ئەوەیکە لە ڕەوەندێکی دیپلۆماتیکدا هەندێکیان کەم بکرێنە.
نێد پرایس وتی: واشینگتۆن بەو هۆکارە بۆ بە ئاکام گەیشتنی دانوستانەکانی ڤیەن هەوڵ دەدا کە لەپاڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەسەر چاکسازی ئەو کارانەی کە بەشێوەی هەمیشەیی پێش بە دەسپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی بگرێ و هەموو ڕێگەکان لەو رێژیمە دابخرێ کە نەتوانێ دەستی بەچەکی ناوکی ڕابگات.
هەروەها ناوبراو لێدوانەکانی عەباس عێراقچی ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە کە وتبووی لەسەر ئاڵوگۆڕ کردنی بەندکراوانی ئێرانی و ئەمریکایی لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتووین ئەو قسانەی عێراقچی بەدرۆ خستەوە و وتی؛ قسەکانی ناوبراو بووە هۆی بریندارکردنی هەستی بنەمالەی بەندکراوان و ئەوەش کارێکی نامرۆڤانەیە.