هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ کە حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ئەو هێزانە گیانی لە دەستدا.
ڕۆژی هەینی ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ بە ناوی “ڕەحمان ئەحمەدیان” تەمەن ٣٨ ساڵ، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شاره لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعات گیانی لە دەستدا.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، لەگەڵ چەند کەسی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرابوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ڕایگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی پووشپەڕ، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پەیوەندی بە ماڵی ڕەحمان کراوە و پێیان وتراوە کە کوڕەکەتان لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە لە گرتنگە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و وەرن تەرمەکەی وەربگرنەوە.
شایانی باسە کە یەکێک لە نزیکانی ناوبراو وتویە کە ئاسەواری ئەشکەنجە لە سەر جەستەی ڕەحمان دیار بوو و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستداوە.
ڕەحمان ئەحمەدیان خەڵکی گوندی سیرحەیدەرلووی ورمێ بوو و ڕۆژی ڕابردوو تەرمەکەی لە کەشێکی ئەمنییەتیدا لە زێدەکەی خۆی بە خاک سپێردرا.