بەرپرسانی پلەبەرزی دەوڵەتی ئەفغانستان لە دژکردەوە بە وتاری ڕۆژنامەی “جمهووری ئیسلامی” لە پێوەندی لە گەڵ بوونی “حەشدی شیعی” لەو وڵاتە دەڵێن: کۆماری ئیسلامی خەریکی ئاژاوە و شەڕ نانەوە لە ئەفغانستانە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕۆژنامەی “جمهووری ئیسلامی” کە سەربە عەلی خامنەییە، لە بابەتێکدا ڕایگەیاند کە، لە شاری “کابول”ـی وڵاتی ئەفغانستان گرووپێکی چەکدار بە ناوی “حەشد ئەلشیعی” بوونی خۆیان لەو وڵاتە ڕاگەیاندووە و کۆماری ئیسلامی هەموو پاڵپشتییەکی دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی جمهووری ئیسلامی، “سەید حەسەن ئەلحەیدەری” بەرپرسی گرووپی حەشدی شیعی لەیەکەم چاوپێکەوتنیدا لەبارەی ڕووداوەکانی ئەفغانستان وتی: من فەرماندەیی ئەو گرووپانە دەکەم کە لە ناو خەڵکەوە هەڵقوڵیون بۆ ئەوەی وەکوو پشتیوانییەک بۆ هێزەکانی دەوڵەتی ئەفغانستان وێڕای ئەو هێزانە پارێزگاریی لە وڵات بکەین هەروەک چۆن بەرگریمان لە حەرەمی ئیمام عەلی کرد و نەمانهێشت بیشێوێنین.
قاسم وەفاییزادە، بەرپرسی وەزارەتی ئیتلاعات و فەرهەنگی ئەفغانستان، لە دژکردەوە بە راپۆرتی ڕۆژنامەی جمهووری ئیسلامی، لە تویتێری خۆی نووسی: ڕێژیمی ئێران بەو ئاژاوەگێڕی و دەنگۆیانە لە ئەفغانستان شەڕ و ناکۆکییەکان گەورەتر و ئاڵۆزتر دەکا و وادەکا کە هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی ئەفغانستان زیاتر بێ و ئاگرێک هەڵدەگیرسێنی کە لە کۆتاییدا خەڵکی ئێران تێیدا زەرەرمەند دەبن، هەروەها وتیشی؛ ئەو گرووپە تێرۆریستانە ئامرازی دەستی دەوڵەتانی بێگانەن بۆیە هیچ جێگەیەکیان لە ناو خەڵکی ئەفغانستاندا نییە.