ئەمریکا، بەمەبەستی هاندانی ئێران و گەڕانەوەی خێراتری ئەو وڵاتە بۆ وتوێژەکانی ڤییەن گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپینی.
ڕۆژنامەی واڵ ئیستریت ژۆرناڵ، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە مەبەستی ناچارکردنی ئێران بۆ دڕێژەی وتووێژە ناوکییەکانی” بەرجام” و لەهەمبەر زۆریی تێچووی ڕاوەستانی ئەو وتووێژانە، خەریکە گەمارۆی قورستر لەسەر فرۆشتنی نەوت ئێران بە چین دادەنێ.
تیمی وتووێژی ئەمریکا، چەند مانگێک پێش ئیستا بە هاوبەشی زلهێزە جیهانییەکان لە ڤییەن پێتەختی ئۆتریش خەریکی وتووێژی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیراندایە بە مەبەستی گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی، ئەمریکا دەیهەوێت رێگەچارەیەک بۆ پێشگرتن لە بەرنامەی ناوکیی ئێران ببینێتەوە، بەڵام تائێستا سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی وڵاتانی بەشدار لەو وتووێژانە نەگەیشتوون بە ئاکامێکی دڵخواز.
ڕۆژنامەی والێستریت ژۆرناڵ، لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: بوونی ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری نوێی ئێران، کێشەی زۆری بۆ دەوڵەتی بایدێن سازکردووە، کە نەتەنیا ماوەی وتووێژەکانی دوور و درێژتر کردوەتەوە، بەڵکوو ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە کە وتووێژەکان بەبوونی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری نوێی ئێران ڕابوەستێ.
هەرلەم پێوەندییەدا بەرپرسانی ئەمریکایی بە ڕۆژنامەی “والێستریت ژۆرناڵ”یان ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا خەریکی داڕشتنی بەرنامەیەکە کە گەمارۆی قورستر بە سەر پێشەی نەوتی ئێراندا بسەپێنێ و پێش لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە وڵاتی چێن کە گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە بگرێ.
هەروەها بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بە ئاکام نەگا ئەوە ئەمریکا هەنگاوی نوێ و قورستر بەدژی ئێران هەڵدێنێتەوە و ڕووبەڕووی ئەو رێژیمە دەبێتەوە.