سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی عێراق ڕایانگەیاند کە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە بازاڕی شارەکی سەدر لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا ٩٠کەس کوژران و برینداربوون.
سەرچاوە زانیاری و ئاسایشییەکانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە بەهۆی هێرشێکی تێرۆریستییەوە و دانانەوەی بۆمبێک لە بازاری مێژوویی و قەرەباڵغی سەدر لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا بە دەیان کەس کوژران و بە دەیان کەسیش برینداربوون و تائێستا هیچ گرووپێک بەرپرسایەتیی ئەو کردەوە تێرۆریستییەی وەئەستۆنەگرتووە.
هەرلەم پێوەندییەدا مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاری لێکۆڵینەوە و دەسبەسەرکردنی بکەرانی ئەو کردوە تێرۆریستییەی دەرکردوە.
هەروەها پاش ئەو تەقینەوەیە، کازمی بڕیاری دەسبەسەرکردنی فەرماندەی پۆلیسی شارەکی سەدری بەهۆی کەمتەرخەمییەوە دەرکردووە.
تائێستا هیچ کەس و گرووپێک بەرپرسایەتیی ئەم کردەوە تێرۆریستییەی وەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام چالاکانی عێراقی دەڵێن هاوشێوەی ئەم کردەوە تێرۆریستییە پێشتر تەنیا داعش کردوویەتی.