دانیاڵ ئاقایی، پەنابەری سیاسیی خەڵکی “مەهاباد” لە وڵاتی “ئاڵمان” لە کێبڕکێیەکی وەرزشیدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا.
ئەو کێبڕکێیە لە شاری “بێرلین” بە بەشداریی چەندین وەرزشوان لە وڵاتانی جیهان بەڕێوە چووە و ئەو وەرزشوانە کوردە لە وەرزشی “MMA”یدا توانیویەتی لە بەرانبەر یاریزانێکی خەڵکی “لەهێستان” پلەی یەکەم بەدەست بهێنت.
جێگای ئاماژەیە کە بڕیار بووە کە “دانیاڵ” بە ئاڵای ئاڵمان بەشداریی لەو کێبڕکێیەدا بکات بەڵام ناوبراو ڕایگەیاندووە بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداریی دەکەم بۆیە ئاڵای کوردستان وەک ئاڵایەکی فەرمیی لەو کێبڕکێیانەدا پەسند کراوە.
دانیاڵ ماوەی ٦ ساڵە وەرزشی MMAی دەکات و هەتا ئێستا چەندین جار سەرکەوتنی بەدەست هێناوە ناوبراو خەڵاتەکەی پێشکەش بە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە.
دانیاڵ ئاقایی وەرزشوانی بەشی هونەرە ڕەزمییەکان، ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی لە مەهاباد لەدایک بووە و بەهۆی ئەوەیکە بنەماڵەکی سیاسی بوونە ناچار زێدی خۆیان بەجێ دەهێڵن و ڕوو لە وڵاتی ئاڵمان دەکەن.