لە درێژەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی پارێزگای خووزستان لەهەمبەر کەمیی ئاوی خواردنەوە، هێزەکانی ڕێژیم لە شاری سووسەنگرد تەقە لە خەڵکی ناڕازیی دەکەن.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیویانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان لە چوارەمین ڕۆژی بەردەوام لە ناڕازایەتیی و خۆپیشاندانەکانیان لەهەمبەر قەیرانی کەمیی ئاو و گوێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیم ، هاووڵاتییانی سووسنگرد و ئەهواز ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانێکی بەربڵاویان بەڕێوەبردوە کە لە شاری سووسەنگرد هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تەقەیان لە خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازیی کردووە.
خەڵکی ناڕازیی بە ئاگرکردنەوە جاددەی سەرەکیی نێوان خوڕمشار و ئەهوازیان داخستووە، بەهۆی تەقەی هێزەکانی ڕێژیمەوە لە شاری سووسنگرد خەڵکێکی زۆر بریندار کراون و خەڵکێکی زۆریش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
لەلایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئێران هێڵی ئینتێرنێتی لە پارێزگای خووزستان داخستووە و ناردنی گرتە ڤیدیۆی خۆپیشاندەرانی بۆ ڕاگەیاندنەکانی دەرەوە و نێوخۆی ئێران تووشی کێشە کردوە و لە ئێستادا ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە پارێزگای خووزستان ١٧ شاری ئەو پارێزگایەی گرتووەتەوە و بە پێی ئامارەکانیش تائێستا پێنج کەس لە ناڕازییان گیانیان لەدەستداوە.