پاش شکستی هەوڵەکانی حیزبوڵای لوبنان بۆ قاچاخی چەکوچۆڵ و بینینەوەی کۆگای چەکوچۆڵی ئەو گرووپە لەلایەن ئیسرائیلەوە، کێشە و قەیرانی سیاسیی و ئابووری لەو وڵاتەدا ڕوولە زیادبوونە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیستراتیژیکی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا لە سەر باروودۆخی ئاڵۆزی لوبنان، دۆخی خراپی ئابووریی، گەندەڵی و قەیرانی سیاسیی باری خراپی گوزرانی خەڵک ، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت لەو باروودۆخە خراپ و ئاڵۆزەی لوبنان بە قازانجی خوی کەڵک وەربگرێ.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کێشە سیاسییەکانی لوبنان ڕاستەوخۆ لە سەر ئەمنییەتی ئیسرائیل کێشە ساز دەکا و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە کە حیزبوڵای لوبنان لەم باروودۆخەدا کەڵک بۆ دەستێوەردانەکانی وەردەگرێ و لە کۆتاییدا دەستی ڕێژیمی ئێران بۆ دەستێوەردان و ئاڵۆزییەکان لە لوبنان ئاوەڵاتر دەبێ.
هەروەها ئەم ناوەندە ڕایگەیاندوە کە ئێران بە یارمەتیی گەیاندنی نەوت بۆ لوبنان لە ڕێگەی حیزبوڵاوە دەیهەوێت زیاتر پەرە بە دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا بدا.
جێگای ئاماژەیە کە لە ئێستادا بانکی جیهانیی، قەیرانی ئابووری ئێستای لوبنانی وەکوو یەکێک لە خراپترین حاڵەتەکانی قەیران لە مێژووی هاوچەرخدا ناوبردووە و دەڵێ: ئەم قەیرانە دەبێتە هۆی کەمیی سووتەمەنی و دەرمان و خوراک و زۆربەی خەڵکی لوبنان دەچنە ژێرهێڵی هەژارییەوە.