ناوەندی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە نامەیەکدا بۆ میشێل باشێلە، کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای ئاماژە بە سەرکوت و تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان، داوای لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بە هەموو هێز و توانایانەوە پێش لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی ئەو پارێزگایە بگرن.
لەم نامەیەدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی نووسراوە و نێردراوە بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دانیشتوانی پارێزگای خووزستان، بە شێوەیەکی هێمنانە دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر شێوەی خراپی ئیدارەکردنی وڵات و هێزەکانی ڕێژیم بەچەک و گازی فرمێسکڕێژ ڕووبەڕووی خەڵک بوونەتەوە کە بە داخەوە تا ئێستا ٥ کەس کوژراون و چەندین کەسیش بریندار و دەسبەسەر کراون.
لە بەشێکی دیکە لەو نامەیەدا بە ئاماژە بە سروەت و سامانی پارێزگای خووزستان لە بواری ژێرخانە ئابوورییەکانەوە، هەژاری و بێکاری بەربڵاوی خەڵکی ئەو پارێزگایەی بە یەکێک لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتیی خەڵک ناوبردووە و نووسیوویە ئەم پارێزگایە سەرەڕای هەبوونی سەرچاوەی بەهێزی نەوت یەکێک لە پەراوێزخراوترین پارێزگاکانی ئێرانە و دانیشتوانی ئەو پارێزگایە جیاواز لە بێکاری و هەژاری ڕووبەڕووی قەیرانی کەم ئاوی و پچڕانی بەردەوامی کارەبا بوونەتەوە و ناڕەزایەتییەکانیان ڕەوایە و نابێ هێزەکانی ڕێژیم بە سەرکوت و گولـلە وڵامی خەڵک بدەنەوە.
ناوەندی داکۆکاری مافی مرۆڤ لە کۆتاییدا داوای لەکۆمیسێری باڵای ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بە هەموو هێز و توانایانەوە پێش لە سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازیی پارێزگای خووزستان بێنن.