هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە هێرشێکی دڕۆنیدا بارێکی گەورەی چەکوچۆڵی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە شارەکی ئەلسویعیەی ئەبووکەماڵ لە سووریە بۆمباران کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا، چەند ماشینێکی هەڵگری چەکوچۆڵ و تەقەمەنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لەناوچەی ئەبووکەماڵی سووریە کردە ئامانجی هێرشەکەیان و بەتەواوەتەی ئەو کاروانە چەکوچۆڵەیان تەفروتوونا کرد.
هەر لەم پێوەندییەدا هێندێک لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکان دەڵێن، ئەو چەکوچۆڵە سەر بە میلیشیاکانی عێراق”گوردانی سەیدولشوهەدا”یە کە لە ڕۆژهەڵاتی سووریە نزیک سنووری عێراق و سووریە کراوەتە ئامانجی هێرشی فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا.
چالاکانی عێراقی لەسەر ئەو باوەڕەن کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە ماشینی بڵاوکردنەوە سەوزە و میوە، چەک و تەقەمەنی لە عێراقەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی سووریە دەگوازنەوە.