ناوەندی ئاماری ڕێژیم بە پێداچوونەوە بە كۆی گشتیی بێكارانی خوێندەوار لە
كۆی گشتیی بێكارانی ئێراندا، ئاماژەی بەوە کردووە كە لە بەهاری ئەمساڵدا ٤٠.٣ لە سەدی بێكارانی وڵاتی ئێران لە خوێندەواران و دەرچووانی زانكۆکان پێکهاتوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکومەتیی مێهر و پاش دەرچوونی ڕاپۆرتی ناوەندی
ئاماری ڕێژیم سەبارەت بە هێزی كار،دەرکەوتووە كە زیاتر لە ٩٢٤ هەزار كەس لە كۆی گشتیی دەرچووانی زانكۆ لە ئێراندا لە بەهاری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا بێكارن.
ئەم ئامارە بە مانای ئەوەیە كە لە بەهاری ئەمساڵدا ١٣.٤ لە سەدی سەرجەم دەرچووانی پلەی خوێندنی باڵا لە ئێراندا بێكارن.
هەروەها ڕێژەی ئەم ئامارانە لەنێو ژناندا زیاتر لە پیاوانە، بەو پێیە كە ٤٤٩ هەزار و ٤١٢ كەس لە کەسانی بێکاری خوێندەوار پیاون و ٤٧٤ هەزار و ٩٨٢ كەسیش لە ژنانی خوێندەوار لەخۆدەگرێت.
بەو شێوەیە و بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی بێكاران نرخی بێكاری دەرچووانی پیاو ٩.٤ و ژنان ٢٢.٤ لە سەد بووە.
شایانی باسە کە بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، لە ئێستادا نزیك بە ٢ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار كەس لە ئێراندا بێكارن، كە ڕێژەی دەرچووانی زانكۆ لەم ئامارەدا لە سەدا ٤٠.٣یە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەم ڕێژە لە بەهاری ساڵی ڕابردوودا ٣٦ لە سەد بووە.