بەرپرسی پۆلیسی فەتای تاران کە لە کەسانی نزیک لە ئیبراهیم ڕەئیسییە، بە هەڕەشەکردن و بە مەبەستی ترساندنی کۆمەڵێک لەو وەرزشوانانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەکان چالاکن، وتوویەتی كە ئەگەر بابەتێک بڵاو بكەنەوە كە ببێتە هۆی وروژاندنی خەڵک، بە توندیی بەرەنگاریان دەبنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکومەتیی ئیسنا، سەرهەنگی پاسدار داوود گودەرزی ڕایگەیاندووە کە هێندێک لەو بابەتانەی كە یاریزانانی تۆپی پێ و باقیی وەرزشوانان، وەكوو بۆچوون و بیروڕای خۆیان بڵاوی دەكەنەوە، دوور لە ئەخلاق و یاسایە و هاوکات بێڕێزی و بوختان و شكاندنی کەسایەتیی خەڵکانێکی دیكە لەخۆ دەگرێ.
شایانی باسە کە لە ساڵانی ڕابردوودا، چەند کەسیک لە وەرزشوانانی کورد و ئێرانی بە شێوەی بەردەوام لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کولتووریی كۆمەڵگا ڕەخنەیان گرتووە كە ڕەخنەی كەسانێک وەكوو عەلی كەریمی، یاریزانی پێشووی یانەی پرێسپۆلیس و وریا غەفووری، یاریزانی یانەی ئیستیقلالی تاران كاردانەوەی زۆری بەدواوە بووە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لە ڕێبەندانی ساڵی ٩٧ی هەتاوی پاش ئەوەیكە محەممەدجەواد زەریف لە وتووێژێكی تەلەڤیزیۆنیدا وتبووی كە شانازی بە بەرگری لە مافی خەڵكی فەلەستین دەكات و وتی کە هەموومان لەژێر گوشار داین، وریا غەفووری یاریزانی کورد، لە ئینستاگرامەكەیدا سەبارەت بەم وتانەی زەریف نووسی: “ئێوە لەژێر گوشاردا نین، لە ڕاستیدا خەڵكی ئاسایی لەژێر گوشار دان”، كە ئەم وتەیەی ناوبراو بوو بەهۆی ئەوە كە لەلایەن حەراسەتی وەزارەتی وەرزشەوە لێپرسینەوەی لێبکرێت و جارێکیش ناڕاستەوخۆ لە لایەن خامنەییەوە هەڕەشە لەو وەرزشوانە کوردە کراوە.