سەدر بە کاردانەوە لەهەمبەر ئاژاوەگێڕییەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق وتی: نە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار دەبم و نە لە دەوڵەتیش پشتیوانی دەکەم.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕۆژی شەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی وتوویەتی: بەهۆی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و ئاژاوەگێڕییەکانیان لە عێراق نە لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراقدا بەشداریی دەکەم و نە لە هێچ دەوڵەتێکیش پشتیوانی دەکەم.
سەدر کە پێشتر پێوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران هەبوو، چەند ساڵێکە کە لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا تووشی کێشە بووە و میلیشیاکانی ئێران لە عێراق ناوەناوە هێرش دەکەنە سەر ڕەوتی سەدر و بە پاوانخوازی ناودەبەن.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر هەروەها وتی: پڕۆژەیەکی شەیتانی بۆ چووکەکردن و لەنێوبردنی عێراق لە ئارا دایە و دەبێ ئاگادار بین کە عێراق وەکوو سووریە و ئەفغانستان نەبێتە قوربانی سیاسەتە نێوخۆییەکان و ئیزن نەدەین هێزە ناوچەییەکان بە دەستێوەردانەکانیان، وڵاتەکەمان بەرەو فەوتان ببەن.